خاوەنی یانەی میلان ئیفلاسی كردووە

:: AM:09:41:20/02/2018 ‌

رۆژنامەكانی ئیتاڵیا ئاشكرایان كرد خاوەنی یانەی میلان سەرمایەداری چینی لی یۆنهۆنگ نزیكە بەتەواوی ئیفلاس بكات و ئەمەش كاریگەری خراپی بۆ سەر یانە و هاندەرانی یانەی میلان دەبێت.

رۆژنامەی (كۆریری دێلا سێرا)ی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە: بڕیارە سەرجەم موڵك و ماڵەكانی یۆنهۆنگ بخرێتە مەزادەوە بۆ ئەوەی ئەو قەرزە زۆرەی پێ بدرێتەوە كە لەسەری كەڵەكە بووە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: چەند بانكێكی چینی بڕیاریانداوە لە ماوەی كورتی داهاتوودا كارگەیەكی گەورەی كەپسكردنی كارتۆنی یۆنهۆنگ بخەنە هەڕاجەوە كە نرخەكەی 60 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە خاوەنەكەی یانەی میلان ناتوانێ ئەو قەرزانە بداتەوە كە لەسەر یانەكەی كەڵەكە بوونە دوای ئەوەی بڕی 740 ملیۆن یۆرۆی دا بە سیلڤیۆ بیرلسكۆنی لەبەرامبەر كڕینی یانەی میلان.

یۆنهۆنگ بۆ ئەوەی خۆی لە سووی قەرزی بانكەكان رزگار بكات، ناچار دەبێت خاوەندارێتی یانەی میلان لەدەست بدات.

لە كۆتاییدا رۆژنامەكە ئاشكرای كرد، یۆنهۆنگ ئێستا تەنیا 100 ملیۆن یۆرۆی لەبەردەست ماوە، لە كاتێكدا پارەی قەرزەكانی لە بانكەكانی چین برێتییە لە 640 ملیۆن یۆرۆ، بۆیە ئەگەر لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا سەرجەم موڵكەكانی بە یانەی میلانەوە نەفرۆشێ سەرجەمیان لەلایەن بانكەكانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێ.

جێی باسە یانەی میلان ماوەیەكە لەسەر دەستی راهێنەرە نوێیەكەی گینارۆ گاتوزیۆ ئاستی بەرەو باشبوون چووە و لە 7 یاری رابردوودا 5 سەركەوتن و 2 یەكسانبوونی تۆمار كردووە، یانەكە ئێستا بەكۆكردنەوەی 41 خاڵ لە ریزبەندی حەوتەمی یانەكانی خولی ئیتاڵیا دێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م