ئەمڕۆ میسی شەڕی كردنەوەی گرێ كوێرەی چێڵسی دەكات

:: AM:09:57:20/02/2018 ‌

هەوادارانی تۆپی پێ لە سەرتاسەری جیهان چاوەڕێی یەكێك لە بەهێزترین یارییەكانی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەكەن لەنێوان هەردوو یانەی چێڵسی ئینگلیزی و بەرشەلۆنەی ئیسپانی كە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەم بێتە ئەنجامدان.

ئەمڕۆ سێشەم سەعات 10:45ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی چێڵسی لەنێو یاریگەی ستامفۆرد بریچ لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا مێوانداری یانەی بەرشەلۆنە دەكات.

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنە ئەمشەو شەڕی كردنەوەی گرێ كوێرەی یانەی چێڵسی دەكات كە لە ماوەی رابردوودا نەیتوانیوە هیچ گۆڵێك لەو یانەیە تۆمار بكات.

میسی لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا لە 8 یاریی یانەی بەرشەلۆنە بەرامبەر یانەی چێڵسی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەشدار بووە، بەڵام نەیتوانیوە هیچ گۆڵێك لە یانەكە تۆمار بكات، هەرچەندە 2 گۆڵی بۆ هاوڕێكانی دروست كردووە.

یانەی بەرشەلۆنە لەو یارییانەدا كە رووبەڕووی یانەی چێڵسی بووەتەوە تەنیا یەك یاری بردووەتەوە، لە 2 یاریش دۆڕاوە و لە 5 یاریشدا هەردوو یانەكە یەكسان بوونە.

میسی پێشتر دانی بەوەدانابوو كە هەمیشە رووبەڕووبوونەوەی قورسی لەم چەند ساڵەی رابردوودا یانەی چێڵسی بووە كە نەیتوانیوە تا ئێستا هیچ گۆڵێكیان لێ تۆمار بكات.

جێی باسە میسی لەم وەرزەدا تا ئێستا بەشداری لە 37 یاری یانەی بەرشەلۆنە لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا كردووە و توانیویەتی 27 گۆڵ تۆمار بكات كە 3 گۆڵیان لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بوو، هەروەها 15 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی دروست كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م