ڤالڤێردی ستایشی یانەی چێڵسی و راهێنەرەكەی دەكات
ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ستایشی ئاستی یانەی چێڵسی ئینگلیزی و راهێنەرەكەی ئەنتۆنیۆ كۆنتی ئیتاڵی كرد بەر لە یارییەكەی ئەمڕۆیان لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.
ئەمڕۆ سێشەم سەعات 10:45ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی ستامفۆرد بریچ لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەبێتە مێوانی یانەی چێڵسی دەكات.
لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی یارییەكەدا راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاند: چێڵسی یانەیەكی بەهێز و زەحمەتە، لە هێڵی بەرگریدا زۆر باشن و یاریزانی زۆر باشیان هەیە بۆ هێرشی پێچەوانە.
زیاتر گوتی: بەگشتی ئەمساڵ یانەكانی خولی ئینگلیزی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەهێز و مەترسیداربوونە بۆ سەر یانەكانی تر، چێڵسیش یانەیەكی زەحمەتە و ئەستێرەی ئاستبەرزی وەك هازارد و مۆراتا و پێدرۆیان هەیە كە مەترسی بۆ تیپی بەرامبەر دروست دەكەن.
ڤالڤێردی هەروەها رایگەیاند: لە یارییەكانی بەرامبەر پاریس سان جێرمانی فڕەنسی و یۆڤانتۆسی ئیتاڵی لە وەرزی رابردووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەرسمان وەرگرتووە و فێربووین كە پێشبینی هەموو ئەنجامێك بكەین، بۆیە یاریزانەكانمان دەبێت تەواوی هزریان لەنێو كەشی یاریگە بێت.
لە كۆتاییدا رایگەیاند كە كۆنتی یەكێكە لە باشترین راهێنەرانی جیهان و پێشتریش لەگەڵ یانەی یۆڤانتۆس و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا چەندان دەستكەوتی گەورەی بەدەستهێناوە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم