دوای شكستی چەندان كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ تێپەڕاندنی بودجە، چاوەڕان دەكرێت پێش كۆبوونەوەی سێشەمی داهاتووی پەرلەمانی عێراق سێ سەرۆكایەتییەكە كۆ ببنەوە و پرسی بودجە یەكلا بكەنەوە. پەرلەمانتارێكیش دەڵێ دوو سیناریۆ بۆ تێپەڕاندنی بودجە هەیە و ئەگەر عەبادی نیەتی نەبێت، كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە سوودێكی نابێت.
دابین نەكردنی پشكی كورد و سوننە لە بودجەی 2018ی عێراق بووەتە بەربەست لە بەردەم تێپەڕاندنی بودجەكە لە پەرلەمانی عێراق، ماوەی مانگێك زیاترە پەرلەمان رێژەی ئامادەبوونی ئەندامان لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی بەخۆیەوە نەبینیوە بە هۆی رەتكردنەوەی پڕۆژەی بودجە لەلایەن كورد و سوننەكانەوە، ئەمەش وای كرد دوا هەوڵ كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراقی بۆ ئەنجام بدرێت كە بڕیارە تا سێشەمی داهاتوو كە كۆبوونەوەی پەرلەمانە ئەو كۆبوونەوە ببەسترێت و پرسی بودجە یەكلا ببێتەوە.
نەجیبە نەجیب ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی دارایی بە "وشە"ی راگەیاند، سێشەمی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان لەسەر بودجەیە، بۆیە ئێستە دوو سیناریۆ هەیە، یەكەمیان ئەوەیە عەبادی هەموارێك بۆ پەرلەمان بنێرێت و داواكاری كورد و سوننە و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت تێیدا جێ بكاتەوە، ئەگەر عەبادی ئەوە نەكات ئەستەمە رێژەی یاسایی ئەندامان ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان ببن.
زیاتر گوتی "ئەگەر هەموار نەنێرێت و پڕۆژەكە تێپەڕێت وەك سیناریۆی دووەم، ئەوا بودجە هی عێراق نابێت بەڵكو هی 15 پارێزگا دەبێت بێ هەرێمی كوردستان".
"پرسی بودجە لە هەفتەی داهاتوو دەردەكەوێت، كە چاوەڕێ دەكرێت پێش كۆبوونەوەی پەرلەمان كۆبوونەوەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە ئەنجام نەدرێت، بەڵام پێ ناچێت كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە دەرئەنجامێكی هەبێت ئەگەر حەیدەر عەبادی نیازی ئەوەی نەبێت هەموارێك رەوانەی پەرلەمان بكات" نەجیبە وای گوت. ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر نیازی هەبێت پێویست بە كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە ناكات، گوتی "تا ئێستە عەبادی پێداگرە لەسەر هەڵوێستی خۆی و دەیەوێت هەرێمی كوردستان لاواز ببێت و كلیلی ئیدارەدانی كوردستان لە دەستی بەغدا بێت كە پێچەوانەی سیستەمی فیدڕاڵی و دەستووریشە".
نەجیبە ئەوەی رەت كردەوە كە بەشێك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەشداری دانیشتنی پەرلەمان ببن بۆ تێپەڕاندنی بودجە بە زۆرینەی دەنگ، گوتی "هیچ فراكسیۆنێكی كوردستانی لەگەڵ تێپەڕاندنی بودجە بەمجۆرەی ئێستە نییە".