وادەی هەرزانبوونی نرخی بەنزین دیاری دەكرێت

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای دەگەیەنێت، داوایان لە بەغدا كردووە بەنزینی 450 دیناری حكوومی بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت.

د. غالب محەمەد سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بە نووسراوی فەرمی داوایان لە بەغدا كردووە، هاوكاری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بكات لە دابینكردنی بەشە بەنزین بە بڕی 450 دینار بۆ هەر لیترێك.

زیاتر گوتی، بەغدا وەڵامیان ئەوە بووە كە هەرێم خۆی پاڵاوگەی هەیە و دەتوانێت بەنزین بەو نرخە بفرۆشێت.

ڕوونی كردەوە كە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، بەڵام ئەگەر بەغدا و هەرێم لە پرسی نەوت بگەنە رێككەوتن، ئەو كێشەیەش چارەسەر دەبێت و بەنزینی حكوومی بۆ وێستگەكانی هەرێمیش دێت.

هاوكات، شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لیژنەكەیان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، بەڵام بەغدا خۆی هاوكاری پاڵاوگەكان دەكات، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەنزین لە دەستی بازرگاناندایە و كەرتی تایبەت بەڕێوەی دەبات.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستە نرخی بەنزین لە ناوچەكانی عێراق جیاوازی هەیە و لە هەندێك شوێن هەر لیترێك بە 450 دینار دەفرۆشرێت و لە هەرێمی كوردستانیش هەر لیترێكی بەنزینی نۆڕماڵ لە 700 دینار دەفرۆشرێت.

سلێمانی/  هەستیار




وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:03:59:20/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 14562 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌