داوا دەكرێت پاشەكەوت مووچەی 500 هەزاری نەگرێتەوە

:: PM:07:08:20/02/2018 ‌
هەڵمەتی دادپەروەری مووچە لە هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەك لەبارەی هەڵمەتی دادپەروەری لەسەر پرۆژەی یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵەكان  لە هەرێمی كوردستان بڵاو دەكەنەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 20ی شوبات، عەلی مەحموود چالاكوانی مەدەنی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەیاننامەیەكیان بڵاو كردووەتەوە و سەرجی خۆیان لەبارەی پڕۆژەی چاكسازی خستووەتە ڕوو كە ئێستە لەپەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

بەپێی بەیاننامەكەی هەڵمەتی دادپەروەری داوا كراوە كە لە هەرێمی كوردستان هیچ مووچەیەك لە سێ‌ ملیۆن دینار تێنەپەڕێت و بە یاسا سنوورێك بۆ جیاوازی بەرزترین و كەمترین مووچە لە هەرێمی كوردستان دابندرێت كە لە 10 بۆ 12 جار جیاوازیان زیاتر نەبێت.

لەو بەیاننامەیەدا داوا دەكەن كە ئەو مووچانەی لە 500 هەزار كەمترن پاشكەوت لە هیچ بارودۆخێكدا نەیانگرێتەوە، هاوكات دامەزراندن لە داهاتوودا تەنیا بۆ ئەوكەسانە بێت هیچ سەرچاوەیەكی داهاتی لە خێزانەكانیان نییە.

لەبەشێكی تردا رایانگەیاندووە كە پێویستە یاسای بودجەی حزبەكان پێداچونەوەی بۆ بكرێت بۆ كەمكردنەوەیان، بە پێی بڕەكەیان رێژەی كەمبكرێتەوە و خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیر و سەرجەم پلە باڵاكان بە پێی یاسای خانەنشینی رێك بخرێتەوە.

هەڵمەتی دادپەروەری داوا دەكەن كە تەمەنی خانەنشینی لە كوردستان بۆ 60 ساڵ كەمبكرێتەوە و بەرپرسانی حكوومی و حزبی لە چالاكی ئابووری دووربخرێنەوە.

هەڵمەتی دادپەروەری ماوەی نۆ ساڵە دامەزراوە و چەندان چالاكی و هەڵمەتی جەماوەری بۆ دۆسیەی خانەنشینی پلە باڵاكان و جیاوازی موچەی ئەنجامداوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم