شیعە پڕۆژەیاسایەكی ئامادە كردووە بۆ دەنگدان
حەشدی شەعبی هاوشێوەی سوپای پاسداران لێ دەكات

:: PM:03:39:22/11/2016 ‌

پەرلەمانتارانی شیعە لە پەرلەمانی عێراق، هەوڵەكانیان بۆ بە دامەزراوەكردنی حەشدی شەعبی و بەستنەوەی بە دەوڵەتەوە چڕ كردووەتەوە، پەرلەمانتارێكی سونەش دەڵێ، ناكرێ رۆڵی هیچ هێزێك پەراوێز بخرێت كە لە جەنگی دژ بە داعشدا قوربانی دابێ.

محەمەد خالیدی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر لیستی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەكان كە بە سونەكان ناسراون، تایبەت بە " وشە"ی راگەیاند، لیستی هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە روانگەی زۆرینەوە لە هەوڵدان حەشدی شەعبی بكەن بەهێزێكی سەربازی هاوشێوەی سوپا و دەزگەكانی تەناهیی حكوومەت، بۆ ئەوەش دەیانەوێ پڕۆژە یاسای بۆ دەربكەن .

زیاتر روونی كردەوە، حەشدی عەشایەری یاخود هۆزەكان و حەشدی نیشتمانیش هاوشێوەی حەشدی شەعبی، لە دژی چەكدارانی داعش وەستاونەتەوە و شەهید و برینداریان داوە، ئیتر چۆن ئەوان نەكرێن بەدامەزراوەیەكی سەربازی، بەڵام بەتەنیا حەشدی شەعبی بكرێتە هێزی سەربازی.

خالیدی كە پێشتر بڕیاردەری پەرلەمان بوو و هاوكات بەیەكێك لەو سەركردە سونانە ناسراوە كە قسە لە رووە و نایشارێتەوە، ئەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان هەنگاوی بۆ دەنێن كێشەكانی نێو پەرلەمان قووڵ دەكاتەوە، پێویستە رێككەوتنی پێكهاتە و نەتەوەكان لەبەرچاو بگیرێ بۆ بەدامەزراوەكردنی ئەو هێزانەی بەرامبەر داعش جەنگاون .

لە تەمووزی ساڵی 2014 بە فتوای سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان، حەشدی شەعبی تەنیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێك هێنرا.

ئەو هەنگاوەی هاوپەیمانی شیعە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ بەفەرمی ناساندنی حەشدی شەعبی وەك هێزێكی نیشتمانی، هاوشێوەی بڕیارەكەی روحوڵا خومەینییە كە لە ساڵی ١٩٧٩ فەرمانی پێكهێنانی سوپای پاسدارانی دەركرد كە زیاتر ئەركیان كوشتن و سەركوتكردنی رەخنەگران و ئۆپۆزسیۆنی حكوومەت بوو لە ناوخۆی ئێراندا.

وشە/ گەرمیان – سەبری هۆرینی


وشە - هیدایه‌ت جان