سووریا دەبێتە ئەفغانستانێكی نوێ

:: PM:07:55:20/02/2018 ‌

ئاڵۆزییەكانی سووریا پێی دەنێتە ناو حەوتەمین ساڵ و تا ئێستەیش كۆتاییەكەی دیار نییە، ئێستە چەندان وڵاتای ناوچەكە و زلهێزەكانی دنیا دەستیان خستووەتە ناو ئەو وڵاتە و رووداوەكانی ئاراستە دەكەن، بە گشتی بەهۆی بوونی هاوسەنگیی هێز لە نێوان ئەو وڵاتانەی یاریەكەیان بەدەست گرتووە پێ ناچێت كۆتاییەك بۆ دۆخی ناڵەباری سووریا نزیك بێت و وەك مامۆستایەكی زانكۆی هارڤارد دەڵێت كە سووریا بەرەو ئەفغانستانێكی نوێ هەنگاو دەنێت.

نووح فیڵدمان، مامۆستای یاسا لە زانكۆی هارڤارد و نووسەر لە ماڵپەڕی "بلومبێرگ" لەو بارەوە دەڵێت، سووریا بە فەرمی بووەتە گۆڕەپانێكی جەنگ كە هەمووان لە دژی هەموواندا دەجەنگن و بەڵگەیش لەسەر ئەوە دوا هەواڵی بووە لەبارەی ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا لە هەفتەی رابردوو تا 200 (بەكرێگیراو)ی رووسیایان كوشتووە. 

بەر لەو هەواڵەیش بە هەفتەیەك ئیسرائیل فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئێرانی خستە خوارەوە كە لە خاكی سووریاوە چووبووە سەر ئەو وڵاتە، بەڵام ئەو فڕۆكەیەكی (ئێف16)ی لەدەست دا و بەر لەوەیش توركیا هەڵمەتێك و جەنگێكی فرەوانی بۆ سەر كوردانی سووریا دەست پێ كرد كە لەلایەن ئەمەریكاوە پاڵپشتی دەكرێن، كە رەنگە هەر ئەوانیش بن كە داوای وەشاندنی گورزیان لە رووسەكان كردبێت.

بۆیە لێرەدا بۆ دەستەواژەكەی تۆماس هۆبز، دەگەوڕێینەوە كاتێك گوتی، هەمووان لەدژی هەموواندا دەجەنگن، بۆیە شتێكی سەختە كە لێكەوتەكانی شۆڕبوونەوەی زیاتری سووریا بۆ ناو پشێوی روون بكرێتەوە، بۆیەیش چارەسەركردنی تەنگژەی سووریا كارێكی ئاسان نابێت، چونكە دوای ئەوەی وڵات بووەتە گۆڕەپانێكی فرەوانتر بۆ ململانێ نێودەوڵەتییەكان گەیشتن بە چارەسەرییەك دەبێتە ئەگەرێكی ئەستەم.

ئەفغانستان لەوەتەی داگیركردنی لەلایەن یەكێتی سۆڤیەتەوە لە 1979وە تا ئێستەیش نموونەیەكی زۆر روونە ئەو كاتەی برێنت رۆبین، زانای ئەنسەرپۆلۆژیا بەر لە هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەر و داگیركاری ئەمەریكا بۆ ئەفغانستان گوتی، بوونی چەندان هۆكاری دەرەكی وای كرد كە ململانێی ئەفغانستان ببێتە پرسێكی ئاڵۆز، چونكە جەنگی ئەفغانستان 40 ساڵ بەردەوام بوو بەبێ ئەوەی كۆتاییەكەی لە ئاسۆدا دیار بێت كە تەواو ئەو چارەنووسەشە كە چاوەڕوانی سووریا دەكات كە جەنگێكە حەوت ساڵ بەردەوامە.  

هەر لە سەرەتاوە ململانێكانی سووریا شێوەی جەنگی بە وەكالەت وەرگرت، چونكە ئەو گرووپانەی كە هەوڵی لادانی بەشار ئەسەدیان دەدا لەلایەن وڵاتانی ناوچەكە و ئەمەریكاوە پاڵپشتی دەكران، بۆیە بەشار پاڵپشتی ئێران و حزبوڵای بەدەست هێنا، واتە هەنگاوی گەورە بەرپاكردنی جەنگێكی ناوخۆیی بێت كە لەلایەن هێزەكانی دەرەكییەوە پاڵپشتی بكرێن، جەنگێك بۆ توركیا و ئێران و ئیسرائیل هەبێت كە فڕۆكە جەنگییەكانیان بە ئاسمانی سووریا بسووڕێننەوە و هەنگاوی گەورەتریش دەستوەردانی راستەوخۆی سەربازییە لەلایەن یاریكەرانی نێودەوڵەتییەوە وەك ئەمەریكا و رووسیا لە ئاسمان و لەسەر زەویشدا.

ئەمەریكا بەناوی داعشەوە دەستی خستە ناو سووریا و لە ئاسمان خۆی و لە زەویش پشتی بە شەڕوانای كورد بەست، هەرچی رووسیایە كە هەلی رزگاركردنی بەشار ئەسەدی قۆستەوە بۆ بەدەستهێنانی رۆڵێك لە ناوچەكە كە پێویستی بە بوونی هێزێك لەسەر زەوی دەكرد، بۆیە ئەو خۆی لە بەكارهێنانی هێزە فەرمییەكانی خۆی بەدوور گرت، بەڵام لە نیوچە دوورگەی قرمیا و و ئۆكراینا بەكاری هێنا هەستا بە رەوانەكردنی "پیاوە سەوزە بچووكەكان"، واتە ئەو رووسیایانەی كە جلی سەربازی ناپۆشن، بەڵام سەر بە سوپا یان هەندێك كۆمپانیای تایبەتن. بۆیە ئەگەرچی ژمارەی ئەوانە دیار نییە، بەڵام كوشتنی 200 یان لە یەك گورزدا ژمارەیەكی گەورەیە.  

هەرچی توركیایە پاڵنەری چوونی بۆ ناو سووریا بۆ رێگرتنە لە كورد بۆ دامەزراندنی ناوچەیەكی سەربەخۆ وەك لە عێراق دروست بوو، ئێرانیش خەریكی چەسپاندنی دەستكەوتەكانیەتی كە بەهۆی هێشتنەوەی ئەسەد لە دەسەڵات بەدەستی هێنا، هەرچی ئیسرائیلە كە نزیكە و تێبینی ئاماژەكانی دەكەن كە رێگە بە بوونی سەربازی ئێران لە سووریا نادات.

راستییە گرنگەكە لەبارەی هەموو ئەوانەیش ئەوەیە كە بەرژەوەندییەكانیان یەك ناكاتەوە، ئێستە خەریكە دۆخەكە روونتر دەبێتەوە و وەك جاران داعش رووبەرێكی گەورەی بەدەستەوە نەماوە و ئەسەدیش لە دەسەڵات مایەوە و خەریكە بەرە بەرە زەوی ئەو وڵاتە كۆنترۆڵ دەكاتەوە، لەو كاتەی كورد لە پلەی دووەمی گرنگییەوە دێن.

بەڵام پێ ناچێت كە بەو نزیكانە ئەو دژیەكییەی بەرژەوەندییەكان نەمێنێت، چونكە پوتین پێویستە دەستكەوتەكانی بپارێزێت بەوەی دوای رۆیشتنی ئەسەد هەر دەمێنێتەوە، هەروەها كورد شوێنێكی تریان نییە بۆی بچن، بۆیەش تا كورد نەدۆڕێنن توركیا لە دەستوەردانەكانی بەردەوام دەبێت، ئێرانیش خاوەن بەرژەوەندییەكی درێژخایەنە لە سووریا و ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە لە رووبەڕووبوونەوەی ئێران.

هەرچی ئەمەریكایە كە رەنگە بەر لە هەموو لایەكانی تر واز لە جەنگ بێنێت، بەڵام ئەوەیش ئاسان نابێت، بۆیە لە رووی تیۆرییەوە رەنگە گفتوگۆكانی كۆتایی لەبارەی دۆخی سووریا دابپۆشن و رەنگە یاریكەرە نێودەوڵەتییەكان رازی بن بە دۆخێكی نوێ و جیاواز لەوەی هەیە، بەڵام بەوەی نموونەی ئەفغانستان بۆ ئێمەی دەرخستووە مەترسی ئەو هێزە كاریگەرانە بۆ سەر سووریا هەر دەمێنێت و دەتوانن هەر كاتێك دانیشتوانی سووریا بۆ جەنگێكی نوێ چەكدار بكەن. بۆیەش پێ ناچێت كۆتایی نەهامەتییەكانی گەلانی سووریا نزیك بێت.  

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل