پارتی لەبارەی پشتگیری لە لیستێكی دیاری كراو لە كەركووك ڕوونكردەوە دەدات

:: PM:08:08:20/02/2018 ‌
پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقی كردووە لە كەركووك و بەرپرسێكی ئەو حزبەیش ڕوونكردنەوە لەبارەی پشتگیری حزبەكەی بۆ لیستێكی دیاری كراو لە شارەكە دەدات.

ئەمڕۆ سێشەم 20ی شوبات، محەمەد خورشید بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیاری پارتی لەبارەی كەركووك ڕوونە كە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كردووە لەو شارەدا.

زیاتر گوتی، چۆن پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی كردووە، بێگومان دەنگدەر و لایەنگری پارتیش لەشارەكەدا بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن.

لەبارەی ئەوەی دەنگۆ هەیە پارتی پشتگیری لە لیستێكی كوردی دیاری كراو بكات لە كەركووك بۆ هەڵبژاردنەكان، بەرپرسەكەی پارتی ڕەتی كردەوە هیچ بڕیارێكی وا هەبێت و ئاماژەی بەوەكرد، پارتی هیچ لیستێكی دیاری نەكردووە تا لە كەركووك پشتگیری بكات.

پێشتر پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاندبوو، كەركووك شارێكی داگیركراوە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و لە شارێكی داگیركراویشدا ناتوانرێت هەڵبژاردن بەرێوە بچێت.

بڕیاری 12ی ئایاری ئەم ساڵ هەڵبژاردنە گشتییەكانی عێراق بەرێوە بچێت، بەڵام دوای چەندان هەوڵ بۆ ئەنجامدانی یەك لیستی كوردی لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نەتوانرا پێكبهێنرێ.

16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی كە بە ناپاكەكان ناسراون هێرشیانكردە سەركەركووك و داگیریانكرد، لەو كاتەوە تا ئێستە شارەكە بە داگیركراوی ماوەتەوە و بەسەتان پێشێلكاری بەرانبەر كورد ئەنجام دراوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم