لە چوونی میلیشیاكانی ئەسەد بۆ عەفرین كێ دۆڕاوەكەیە؟

:: PM:08:47:20/02/2018 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوونی هێزێكی میلی سەر بە حكوومەتی سووریا كۆتایی بەو مشتومڕە هێنا كە لەم دوو رۆژەدا لەبارەی بوونی رێككەوتن یان لێكگەیشتن لە نێوان یەكینەكانی پاراستنی گەل و حكوومەتی سووریا هەیە بە رەوانەكردنی هێزێكی حكوومەتی سووریا بۆ عەفرین و بەشداریان لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵمەتە فرەوانە سەربازییەكەی توركیا بۆ سەر شارەكە، بەڵام چوونی ئەو هێزانە لە بەرژەوەندی كێیە؟ و كێ زەرەری لێ دەكات؟.

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) رای گەیاند كە لە ماوەی چەند سەعاتێكدا هێزێكی میلی دەگاتە شاری عەفرین، لای خۆیانەوە سەرچاوەكانی كوردی لە خۆبەڕێوەبەری هاوبەشی عەفرین رایان گەیاند كە هێزەكانی سەر بە رژێمی سووریا بەدرێژایی ناوچە سنوورییەكان بڵاو دەبنەوە و رەنگە بچنە ناو عەفرینیش لە ماوەی دوو رۆژدا، ئەوە مانای ئەوەیە كە بەراستی رێككەوتنێك كراوە لە نێوان یەكینەكان و رژێمی سووریا، ئەوەیش دوای تێكچوونی گفتوگۆی پێشتر لە ناوچەكانی تر بەهۆی مەرجی رژێمی سووریا بۆ چەكدانانی یەكینەكان، بەڵام ئەمڕۆ دیار نییە كە ئەو مەرجە كراوە یان وەرگیراوە، یان رێككەوتننەكە پرسە سیاسییەكانیش دەگرێتەوە یان نا، چونكە تا ئێستە حكوومەتی سووریا رەتی دەكاتەوە كە كورد لەو وڵاتە قەوارەیەكی سەربەخۆیان هەببَت. كە ئەوەیش كڕۆكی بابەتە هەرە هەستیارەكەیە لەو رێككەوتننەی كە پێ دەچێت لەرزۆك بێت، چونكە دیار نییە كە ئاخۆ یەكینەكان دەتوانن ئاشتییانە لەگەڵ ئەو هێزانەی سەر بە رژێمی سووریا هەڵ بكەن یان یەكئامانجی ئێستەیان بە رووبەڕووبوونەوەی هەڵمەتە سەربازییەكەی توركیا دەتوانێت دژ بەیەكی بەرژەوەندییەكانی یەكینەكان و رژێمی سووریا لەبارەی قازانج و دۆڕانەكان كەم بكاتەوە. بۆیەش بەدران جیا كرد، راوێژكاری بەڕێوەبەری عەفرین رای گەیاند كە پرسە سیاسی و كارگێڕییەكان لە ناوچەكە لەگەڵ رژێمی سووریا لە قۆناغەكانی داهاتوو و لە میانەی گفتوگۆی راستەوخۆ باسیان لێوە دەكرێت. 

ئەوە یەكەمجار نییە كە هاریكاری لە نێوان یەپەگە و حكوومەتی سووریا روو بدات كە پێشتر لە بەرانبەر پێشڕەوی هێزەكانی توركیا بۆ سەر منبەج و شێخ مەقسوود لە كاتی هەڵمەتی "قەلغانی فورات" لە 2016 ئەوەیان كرد، بۆیە ئەوەی دواییان رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ لاوازبوونی هێزەكانی كوردی لە عەفرین و ناچاربوونیان بۆ پشتبەستن بە رژێمی ئەسەد، سەرەڕای مەترسیداری ئەو هەنگاوە، هەروەها رەنگە ئاماژەیش بێت بۆ ئەو كەڵێن و بۆشاییانەی لە پێوەندییەكانی كورد و ئەمەریكا لە سووریا هەیە بەتایبەتی جیاوازی هاوپەیمانیەتییەكەیان لە عەفرین لەگەڵ ئەو هاوپەیمانیەتییە لە منبەج و رۆژهەڵاتی فورات.

توركیا چاودێری دۆخەكە لەسەر زەوی دەكات، ئەگەرچی مەولوود چاوەیشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا پێشتر گوتی، ئەگەر رژێم بێتە ناو بابەتەكە و ناوچەكە لە پەیەدە و پەكەكە پاك بكاتەوە ئاساییە، بەڵام پێچەوانەی ئەو ئامانجە نامانوەستێنێت.

لە لۆژیكی سیاسی و سەربازیدا رێككەوتننەكە نزیكترە لە خزمەتگەیاندن بە هەڵمەتەكەی توركیا نەوەك تێكدانی، چونكە روونە كە ئامانجی ئەنكەرە چوونە ناو عەفرین نییە، بەڵگو كەمارۆدانیەتی لە هەموو لایەكەوە بێجگە لە باشوور نەبێت و بڕیتی هێڵی بەیەكگەیاندنی جوگرافیانەی بە ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی كورد لە منبەج، كە ئەوەیش خەریكە دێتە دی، بۆیە شتێكی نوێ نییە كە بەرژەوەندییەكانی توركیا و رژێمی سووریا یەكبگرێتەوە بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵات و هێزی كورد لە رووی سیاسی و سەربازییەوە لەو وڵاتەدا. بۆیە پێ دەچێت كە یەكینەكان لە یارییەكی تری ناوچەییدا دۆڕاوەكە بن كە لە هەبوونی دەستی واشنتن و مۆسكۆی لێ بەدەر نییە و وەك مێژوویش دەڵێت ئەوە بۆ كورد شتێكی نوێ نییە.  

یەكشەمی رابردوو بەدران جیا كرد، راوێژكار لە خۆبەڕێوەبەری دیموكراسی دووپاتی كردەوە كە ئەوان لەگەڵ حكوومەتی سووریا گەیشتوونەتە لێكگەیشتنی سەربازی بە بڵاوبوونەوەی سوپای سووریا لە چەند خاڵێك لە هەرێمی عەفرین. 

زیاتر گوتی، لێكگەیشتنەكە بۆ هاتنی هێزەكانی سووریایە بۆ عەفرین و جێگیربوون لە چەند پێگەیەكەی سنووری بۆ بەشداریكردن لە بەرپەرچدانەوەی هەڵمەتە سەربازییەكەی توركیا و هاوپەیمانەكانی.

ئەو بەرپرسە رای گەیاند كە توركیا هێرشێكی زۆر دڕندانە دەكاتە سەر عەفرین و هەوڵی وێرانكردنی ژێرخانی شارەكە و پاكتاوی رەگەزی و گۆڕینی دیمۆگرافی لە شارەكە دەدات، بۆیە بۆ پووچەڵكردنی ئامانجەكانی ئەو هەڵمەتەی توركیا ئامادەین هاوكاری هەر لایەنێك بكەین كە یارمەتیمان بدات لە دوای بێدەنگی نێودەوڵەتی.

جیا كرد دووپاتی كردەوە، ئەو لێكگەیشتنە تەنیا سەربازییە و جێگیربوونی سوپای سووریایش لە چەند خاڵێك دەبێت و هەرچی پرسە سیاسی و ئیدارییەكانە لەگەڵ دیمەشق باسی لێوە دەكرێت لە قۆناغەكانی داهاتوودا، بۆیە عەفرین شارێكی سووریاییە و ئەركی سوپای سووریایە كە بەرگری لێ بكات.

سەرچاوە: رەوابت 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل