ویلایەتی بۆچی سەردانی بەغدای كرد؟

:: PM:11:11:20/02/2018 ‌

ناكرێت سەردانی عەلی ئەكبەر ویلایەتی، راوێژكاری كاروباری دەرەوە و نێودەوڵەتی عەلی خامنەیی، رابەری شۆرشی ئێران بۆ عێراق بێ هۆكاری گرنگ بێت و ئەنجامی باشی بۆ ئێران و شیعە لێ نەكەوێتەوە، چونكە ئەوەی زانراوە كە راوێژكارانی خامنەیی ئەركی تایبەتیان هەیە و پەیامی تایبەت دەگەیەنن جیا لەوەی كەسایەتییەكانی حكوومەت و دامەزراوەكانی تری پێوەندیدار بە كاروباری ناوچەكە دەیگەیەنن.

بۆیە لە بەدواداچوونی ئەو سەردانەی ویلایەتی بۆ عێراق و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی دەركەوت كە چەند تەوەرێكی گرنگ لە سەردانەكەیدا هەبوو وەك لە خوارەوە باس كراوە:

یەكەم تەوەر/ هەڵبژاردنەكان، گومانی تیادا نییە بەوەی ئێران و لە رێگەی پێگە تایبەتەكەی هەست بە جۆرێك لە مەترسی و نیگەرانی دەكات بەهۆی دۆخی هەڵوەشاوەی سیاسی عێراق دەكات كە هەموو هاوپەیمانی و پارتەكانی گرتووتەوە كە بەرەو هەڵبژاردن دەچێت، بۆیە ئەوەیش كاریگەریی ترسناكی لێ دەكەوێتەوە بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكان و سەختیی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق لە سایەی نزیكی ئەنجامی بارستە جیاوازەكان و دۆخی بەریەككەوتن و بۆیەكتر نەسەلماندنی سەرانی بارستە سیاسییەكان بۆ گەیشتن بە تەوافوق و تێپەڕاندنی ناكۆكییەكانیان، بۆبە ویلایەتی گفتوگۆیەكی دوور و درێژی لەو بابەتە لەگەڵ ئەوانەی چاوی پێ كەوتن هەبوو بۆ دۆزینەوەی زەوینەیەكی لەبار و سازان لە ئێستەوە كە ئاستی ئەو ناكۆكی و دژبەیەكییە كەم بكاتەوە و ئەوان بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردن ئامادە بكات بۆ پێكهێنانی بەپەلەی حكوومەت. 

دووەم تەوەر/ هاوپەیمانی هەرێمایەتی، ئێران باوەڕی بەوە هەیە كە ئێستە كاتەكەی زۆر گونجاوە بۆ لێكنزیكبوونەوەیەك لەسەر شێوەی هاوپەیمانیەتی لە نێوان خۆی و توركیا و عێراق و سووریا لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی لێكنزیكبوونەوەی هەرێمایەتی رێكخراو كە لە سەر بنەمای هاودژی و راگەیاندنی جەنگ لەدژی وڵاتانی ناوچەكە نەبێت، بەقەد ئەوەی پڕۆژەیەكی سیاسی و تەناهی و هاریكاریی هەرێمی بێت كە ئاستی ئاڵۆزییەكان كەم بكاتەوە و وڵاتانی ئەندام لە دیدی سیاسییانە و لە بەرانبەر پرسەكانی ناوچەكە یەك بۆچوونیان هەبێت و هەریەك لەو چوار وڵاتەیش پارێزبەندی تەناهیی نەتەوەیی ناوخۆییان هەبێت، كە ئێران باوەڕی بەوە هەیە كە ئاسایشی ناوچەكە سەقامگیر نابێت بەبێ هاریكاری ئەو چوار وڵاتە و لە پڕۆژەیەك لەسەر ئاستێكی نزیكدا. بۆیە ئەگەر ئەو پڕۆژە هاتە كایەوە رووسیا دەتوانێت لە سات و ئاستی جیاجیادا بێتە ناو ئەو رێكخستنە چوارینەیە بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشتییەكی هەرێمایەتی و زەوینە و پێداویستی هەواڵگری دنیایی و پاراستنی جەمسەرگیری بۆ دابین بكات.  

سێیەم تەوەر/ سكاڵای عێراق لە ئێران، شاراوە نییە لای ئێران كە سەرانی عێراق هەستێكیان لا دروست بووە بەوەی بەرپرسانی فایلی عێراق لە ئێران بە دروستی كاروبارەكان بەڕێوە نابەن و پێویستە ئێران كەناڵی تر بدۆزێتەوە بۆ گوێگرتن بۆ بۆچوونی عێراق و عێراقییەكان بتوانن دەنگی خۆیان بگەیننە سەنتەری بڕیاردان لە ئێران دوور لە فلتەرەكانی تەنیا یەك كەناڵ. 

دوو لایەنی عێراق هەن كە بێزاربوونی خۆیان لە شێوازی بەڕێوەبردن یان بە شێوەیەكی كردەنی هەڵوێستی دوور لە تەسوراتی ئێران وەرگرتووە لە ماوەی رابردوودا، لەوانەیش رەوتی سەدر و رەوتی حیكمەی نیشتیمانی و مالیكی و هاوپەیمانەكانی، هەروەها مەترسی هەیە بەوەی ئەو لیستە فرەوانتر بێت و لایەنەكانی ناو حەشدی شەعبیش بگرێتەوە ئەگەر ئێران خواست و پێشبینییەكانی ئەوان جێبەجێ نەكات.

بۆیە بە پێی سەرچاوە تایبەتەكان ئێستە ئێران خەریكی پێداچوونەوەیە بە سیاسەتەكانی لە عێراق لەپێناو دووبارە داڕشتنەوەی شێوازێكی نوێی مامەڵەكردن لەگەڵ عێراقییەكان یان خوێندنەوەی راستی ئەوەی لەسەر گۆڕەپانەكە روو دەدات دوای ئەوە ئێران خوێندنەوەیەكی هەڵەی كرد بۆ پێوانەكردن و هەڵسەنگاندنی كەس و پارتەكان یان رێنوێنییەكان لەكاتی پێشوودا. 

لەو بارەوەیش ئێران باوەڕی بەوە هەیە كە ناكرێت بارێكی زیاتر بخرێتە سەر دۆخی عێراق زیاتر لەوەی بەرگەی دەگرێت و ناكرێت قاڵبی ئامادەی لە ئێرانەوە بەسەردا بسەپێنرێت و ناشبێت ئێران هۆكاری حاڵەتی پەرتەوازەیی و لێكدووركەوتنەوەی عێراقییەكان بێت، بۆیە خوێندنەوەی نوێی ئێران وای بۆ دەچێت كە هەڵەیەكی ستراتیژییە كە بووەتە هۆكاری لێكدووركەوتنەوەی لایەنەكان، بەتایبەتی شیعەكان، هەروەها دووركەوتنەوەی ئەوان لە ئێران.  

بەپێی ئاژانسی (میهر)ی ئێران ویلایەتی لە ئێوارەی پێنجشەمی رابردوو گەیشتووەتە عێراق و ئەو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی لێكنیزككردنەوەی مەزەوە جیاوازەكان و دوا پەرەسەندنەكانی سیاسی لە عێراق و ناوچەكە دەكات و روونی كردەوە كە سەردانەكەی پارێزگاكانی نەجەف و كەربەلا و بەغدا دەگرێتەوە.

لای خۆیەوە ئەندامێكی هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) دووپاتی كردەوە كە سەردانەكەی ویلایەتی دوای ئەوە دێت كە ململانێی نێوان هێز و پارتە سیاسییەكانی شیعە بۆ لێكنزیكبوونەوە و پێكهێنانی هاوپەیمانی هەڵبژاردن گەیشتووەتە رێگەیەكی داخراو، بۆیە ویلایەتی رۆڵی ناوەندگیر لە نێوان ئەواندا دەبینێت بۆ پاراستی دەستكەوتەكانی ساڵانی رابردووی شیعە و بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران.

سەرچاوە: ئەلمەدار
 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل