ئەمەریكا و ناتۆ سەربازگە لەسەر سنوورەكانی ئێران دروست دەكەن

:: AM:09:07:21/02/2018 ‌


پەرلەمانتارێكی نزیك لە سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ئاشكرای كرد، ئەمەریكا و توركیا دەستیان بە فشاری گەورە بۆ سەر سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، تا هێزەكانی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" لە عێراق بمێننەوە، هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی ناتۆ لە هەوڵدان ژمارەیەك بنكەی سەربازی لە نزیك سنوورەكانی ئێران و عێراق دروست بكەن.

ئاژانسی "فارس نیوز"ی نزیك لە سوپای پاسدار لە زاری "جاسم محەمەد جەعفەر"ی پەرلەمانتاری نزیك لە سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و توركیا دەستیان بە فشاری زۆر گەورە بۆ سەر حەیدەر عەبادی كردووە، بۆ ئەوەی ماوەی مانەوەی هێزەكانی ناتۆ بۆ ماوەیەكی زۆر درێژ بكاتەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە ڕێككەوتنی ستراتیجی و هاریكاری نێوان ئەمەریكا و عێراق، ڕێ بە مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق نادات، بەوهۆیەوە ئەوان دەیانەوێ بە ناوی هێزەكانی ناتۆوە لە عێراق بۆ ماوەیەكی زۆر بمێننەوە، بە ئامانجی ڕاهێنان و پڕچەككردنی سوپای عێراق و ڕێكخستنەوەیان، دوای لەناوبردنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.

زیاتر گوتی، حكوومەتی توركیا دەیەوێ لەو ڕێككەوتنەی پێشووی پەشیمان بێتەوە، كە لەگەڵ بەغدا كردوویەتی لەسەر كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە باشیكی سەر بە پارێزگای مووسڵ، ئەمیش دەیەوێ بە بیانووی مانەوەی هێزەكانی ناتۆ لە عێراق بمێنێتەوە، هاوكات هێزەكانی ئەمەریكایش لە هەوڵدان و كار دەكەن بۆ دروستكردنی ژمارەیەك بنكەی سەربازی لە نزیك سنوورەكانی عێراق و ئێران، هاوكات لە سنووری نێوان عێراق و سووریایش دەیانەوێ بنكەی سەربازی گەورە دروست بكەن، بوونی خۆیان لە باكوری عێراق بە تەواوی فرەوان بكەن، ئەمەیش وەك پلانێكە دژ بە كۆماری ئیسلامیی ئێران، لەبەرئەوەی شوێنی عێراق زۆر ستراتیجییە، بۆیە بووەتە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی ململانێی زلهێزەكان.

لە ڕۆژانی ڕابردوو عەلی ئەكبەر ویلایەتی گەورە ڕاوێژكاری ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران گەیشتە بەغدا و لە دیداری لەگەڵ بەرپرسان دووپاتی لە بەهێزكردنی "بەرەی بەرگری و بەرەنگاری" دەكردەوە، كە لە نێوان سووریا و عێراق و ئێران گەشەی پێ بدرێ و هەڕەشەیشی لە ئەمەریكا دەكرد، كە ناچاریان دەكەن هێزەكانیان بۆ ڕۆژهەڵاتی فوڕات بگێڕنەوە، هاوكات هۆشداری بە هەمووانیش دا كە واشنتن دەیەوێ لە ڕێی ناكۆكی و دابەشكاری گرفتی گەورە لە ناوچەكە دروست بكات.

ویلایەتی لە دیداری لەگەڵ نووری مالیكی دووپاتی كردەوە، پێویستە بە خێرایی بەرەی بەرەنگاری دژی بڵاوبوونەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژئاوای فورات دەستبەكار بن،  داوایشی لە عێراق كرد، ڕێ لەوە بگرێ ناتۆ هیچ بنكەیەكی سەربازی لە عێراق دروست بكات، دامەزراندنی بنكەی سەربازی نوێی ئەمەریكایشی لە سووریا و عێراق بە دەست پێكردن بە شەپۆلێكی تری نوێ تیرۆر و شەڕ و توندوتیژی هەژمار كرد.

هاوكات نووری مالیكی جێگری سەركۆماری عێراق لە دیداری لەگەڵ ویلایەتی دووپاتی كردەوە، عێراق نابێتە شوێنپێی ئەمەریكا و وەك كۆریای باشوور و ژاپۆن نییە، ئەمەریكا بە ویستی خۆی لێی بمێنێتەوە و یارییان پێ بكات.

لەلایەكی ترەوە ڕۆژنامەی "جۆنغ ویلت"ی ئەڵمانی راپۆرتێكی بەناونیشانی "ئەفغانستانێكی تر" بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، وەزیری بەرگری وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" ڕاوێژی یەكتریان كردووە، بۆ هێشتنەوەی سەركردایەتی هاوبەشی ناتۆ لە عێراق، بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ، پێشبینی دەكرێ ئەو بڕیارە لە كاتی دیداری لووتكەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بە تەواوی پەسەند بكرێ، كە بڕیارە لە مانگی حوزەیران/یۆنیۆی ئەمساڵ لووتكەی ناتۆ كۆ ببنەوە.

ڕۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی تایبەت بە كاروباری ناتۆ گواستوویەتییەوە، ئەمەریكا دەستی بە فشاری گەورە بۆ سەر ئەندامانی ناتۆ كردووە، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بابەتە كۆك و هاوئاهەنگ بن و سەركردایەتیی هاوبەشی ناتۆ و هێزی ناتۆ و بنكەی سەربازی ناتۆ بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ لە عێراق بمێننەوە و هەموو وڵاتانیش لەسەر ئەمە ڕەزامەند بن، هەریەك لە حزبی سۆشیالیستی و حزبی دیموكراتی مەسیحی ئەڵمانیایش ڕەزامەندن لەسەر ئەو بابەتە و سوورن لەسەر بەهێزكردنی توانای وڵاتان بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی تیرۆر.

وەزیری بەرگری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا "جێمس ماتیس" پێشتر ئاشكرای كرد، ئەمەریكا داوای كردووە سەركردایەتیی هەمیشەیی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" لە عێراق دابمەزرێنرێ، بۆ ئەو مەبەستەیش نامەیەك ئاراستەی سەرۆكایەتی ناتۆ كراوە، تا هێزەكانی ئەو هاوپەیمانییە لە عێراق بمێننەوە و بەردەوام بن لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی عێراق، هاوكات وەزیرانی بەرگری ناتۆ لە ڕۆژانی ڕابردوو لەمیانەی كۆبوونەوەی نێوانیان هەمووان هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامی و فرەوانكردنی ئەركی مەشق و ڕاهێنانی هێزەكانی ناتۆ لە عێراق.

هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" ڕێكخراوێكی سەربازییە لەسەر بنەمای پەیماننامەی چواری نیسان/ئەپریلی 1949 لە واشنتن دامەزراوە، ئەركی سەرەكی بریتییە لە دامەزراندنی سیستەمێكی بەرگری جێگیر و بەهێز و پێشكەوتوو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێك بكرێتە سەر هەر یەكێك لە ئەندامانی ئەو هاوپەیمانیەتییە، هەریەك لە وڵاتانی ئەمەریكا و فڕەنسا و بەریتانیا كە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشن و مافی ڤیتۆیان هەیە، ئەندامی ناتۆن، بارەگای سەرەكیی ئەو ڕێكخراوەیش لە ناوچەی هارینە لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا، هاوكات بنكە و بارەگای لە زۆربەی وڵاتانی ئەندام هەیە.

سەرچاوە/القدس.



وشە - باز ئه‌حمه‌د