رۆژنامەیەكی ئێرانی: شەڕی نێوان سوپای ئەمەریكا و میلیشیاكانی حەشد نزیكە

:: AM:10:20:21/02/2018 ‌

رۆژ دوای رۆژ ئاماژەكانی شەڕ و پێكدادان لە نێوان سوپای ئەمەریكا و حەشدی شەعبی لە ناو ناوچانەی ئەمەریكییەكانی لێیە لە عێراق نزیك دەبێتەوە. لێدوانەكانی پێشتری سەركردەكانی حەشد و ئەمدواییەی ئێرانییەكان باشترین بەڵگەن.

دوای هاتنی داعش بۆ عێراق، ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە رێی فڕۆكەی جەنگی و راوێژكاری سەربازی هاوكاری زۆری عێراقیان كرد لە شەڕی دژ بە داعش، بەڵام ئەو شەڕە هێندەی تر رێی بۆ ئێرانییەكان خۆش كرد و فتوایەكی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراقییان قۆستەوە و دەیان گرووپی میلیشیایییان دامەزراند كە شیعەی عێراقن، بەڵام وەلائیان بۆ خامەنەیی و قاسم سلێمانی هەیە، بەوەشەوە نەوەستان، بەرگێكی یاسایییان كردەبەر و ئێستەش سەركردەكانی میلیشیا چەكدارەكان هاوپەیمانی فەتحیان پێكهێناوە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات.

هەڕەشەكانی میلیشیاكانی حەشد دژ بە بوونی سوپای ئەمەریكا لە عێراق نوێ نین، لە بەرانبەردا ئەمەریكاش داوای كردووە ئەو میلیشیایانە سەر بە ئێرانن و دەبێت عێراق بە جێ بهێڵن.

رۆژنامەی (الاخبار)ی لبنانی سەر بە حزبوڵای لبنانی باڵی سیاسی و سەربازیی ئێران لە لبنان، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا لە راپۆرتێكدا نایشارێتەوە ئەگەر و ئاماژەكانی شەڕ و پێكدادان لە نێوان میلیشیاكانی حەشد سوپای ئەمەریكا نزیكە لەو ناوچانەی سوپای ئەمەریكای تێدایە بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی فوڕات.

بەگوێرەی زانیارییەكان، میلیشیاكانی حەشد لە ئامادەكاریی گەورەدان بۆ قۆستنەوەی هەر هەلێكی رەخساو بۆ لێدان لە سوپای ئەمەریكا و ناردنی نامەیەك بۆ واشنتن.

پێ دەچێ ئەگەرەكانی سەرهەڵدانی ئەو شەڕە گەورە زۆر نزیك بێت، ئەمەش دوای رەتكردنەوەی كشانەوەی حەشد لە ئەنبار و مووسڵ، سەرهەڵدانیشی تەنیا پێویستی بە یەك بەریەككەوتنی بچووك هەیە تا بڵاو ببێتەوە و هەموو ناوچەكان بگرێتەوە. میلیشیاكانی حەشد و ئێران چاویان لەوەیە لە رێی ئەو شەڕەوە قۆناغێكی نوێ لە عێراق دەست پێ بكەن، گەڕانەوە بۆ سەردەمی 2003 بەڵام بە دیوێكی تر، بەو مانایەی هیچ سەربازێكی ئەمەریكی نابێت لە عێراق بوونیان هەبێت.

رۆژنامەكە دەڵێت، ئەگەری سەرهەڵدانی ئەو شەڕە زۆر كەس دەمێكە پێشبینی كردووە، بە تایبەت دوای راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعش لەلایەن حكوومەتی عێراق، میلیشیاكانی حەشد زۆر پەلەیانە ئەو شەڕە پێش بخرێت و زوو ئەنجام بدرێت، بۆ ئەمەش پاساویان هەیە كە حكوومەتی عەبادی شكستی خواردووە لە دەركردنی سوپای ئەمەریكا لە عێراق دوای تەواوبوونی شەڕی دژ بە داعش، لای حەشدی شەعبی سوپای ئەمەریكا داگیركەرە.

بەگوێرەی رۆژنامەكە، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی خۆیان پێ شەرمەزارە بەرانبەر بە جەماوەری خۆیان، چونكە ئەوان لە كاتی دامەزراندنیان دروشمی بەگژداچوونەوەی داگیركەریان بەرز كردووەتەوە كە زیاتر مەبەست سوپای ئەمەریكایە لە عێراق كە ساڵی 2011 بە پێی رێككەوتنێك لە عێراق كشانەوە.

بەڵام هەندێك سەرچاوەی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، هەڕەشەكانی میلیشیاكانی حەشد پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە، باشترین كارێكیش بیكەن بە گژداچوونەوەی سوپای ئەمەریكایە ئەگەر لە دوورەدەستیشەوە بێت، تەقەیەك بكەن.

 چۆنیەتیی ئەو شەڕ و پێكدادانە، یەكێكە لەو پرسانەی ئێستە ئێران و میلیشیاكانی حەشدی سەرقاڵی داڕشتنی پیلان كردووە، ئەمە لە كاتێكدایە نێوانی میلیشیاكانیش هێندە خۆش نییە، بەڵام ئەوەی كۆیان دەكاتەوە و یەكڕیزیان دەكات، لێدانە لە سوپای ئەمەریكا كە هەموویان لەسەری كۆكن.

ئاشكرایە كە دەستەی سەركردایەتیی میلیشیاكانی حەشد، قاسم سلێمانی سەركردەی فەیلەقی قودس بەڕێوەی دەبات، ئێستە سەرقاڵی داڕشتنی پیلانی ستراتیجی چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوە و لێدانن لە سوپای ئەمەریكا. ئەوەی ئەوان دەیانەوێت ئەوەیە كە لەو كاتەی بەرەنگاری ئەمەریكا دەبنەوە، نەچن بۆ رەوشێكی بەرگریكردن بەڵكو لە پێگەی هێرشبردندا بن.

بەگوێرەی هەندێ زانیاریی دزە پێكراو لەناو حەشدی شەعبی، وێنەی سەرەتای شەڕەكە بەمجۆرە دەبێت كە حەشدی شەعبی نایەوێت لە بەرگی هێرشبردن خۆیان دەربخەن، بەڵكو دەیانەوێت سوپای ئەمەریكا لە عێراق بەهانەیەكیان پێ بگرێت تا بەڵگەی یاسایییان لە بەردەست بێت بۆ رەوایەتیدان بە هەڵگیرساندنی شەڕەكە، وەك ئەوەی چەند رۆژێك پێش ئێستە لەو دیوی سنووری سووریا رووی دا.

بۆ ئەم مەبەستە ئێران لە رێی میلیشیاكانی حەشد هەموو ئامادەكارییەكی كردووە لە مووسڵ و دەوروبەری و رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، واتە بە درێژایی سنووری عێراق لەگەڵ سووریا، ئامانجیش ئەوەیە رووبەڕوو لەگەڵ سوپای ئەمەریكا بجەنگن. 

بەگوێرەی زانیارییەكان، میلیشیاكانی حەشد نایانەوێت تا سەر لەگەڵ ئەمەریكا شەڕ بكەن، بەڵكو مەبەستیانە زیاتر پەیامێك بگەیەننە واشنتن كە عێراق بەجێ بهێڵن.

ئەوەی لێرەدا بە دیوێك بووەتە بەربەست لە بەردەم میلیشیاكانی حەشد، ئەوەیە وەك دەستەی حەشدی شەعبی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقن، عێراقیش سوپای ئەمەریكا بە داگیركەر دانانێت، كەواتە حەشد چۆن دەتوانێت رووبەڕووی ئەمەریكا ببێتەوە؟ ئەمە ئەو پرسەیە لە داهاتوودا زیاتر روونتر دەبێتەوە.

سەرچاوە/ شەفەق


وشە - فه‌رمان سادق