ئەمڕۆ ریال مەدرید یارییە دواخراوەكەی بەرامبەر لیگانیس ئەنجام دەدات

:: AM:10:29:21/02/2018 ‌

ئەمڕۆ چوارەشەم یانەی ریال مەدرید یارییە دواخراوەكەی لە گەڕی 16ی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی لیگانس ئەنجام دەدات.

یارییەكە سەعات 8:45ی خولەكی شەو بەكاتی كوردستان لەنێو یاریگەی دی بۆتاركۆ دەست پێ دەكات.

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی یارییەكەدا ئاشكرای كرد، تیپەكەی بەتەواوی بۆ یارییەكە ئامادەیە و بۆ بەدەستهێنانی 3 خاڵی تەواو یاری دەكەن.

زێدان ئاشكرای كرد كە لۆكا مۆدریچی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی كڕواتی پێكانێكی سووكی هەیە و رەنگە نەتوانێ لە یارییەكەی ئەمڕۆدا یاری بكات.

لە ریزی یانەی ریال مەدرید جگە لە مۆدریچ، تۆنی كڕووسی ئەڵمانی و مارسێلۆی بەرگریكاری بەڕازیلیش پێكانیان هەیە.

راهێنەری یانەی ریال مەدرید جەختی كردەوە لە یارییەكەی ئەمڕۆدا هەرسێ یاریزانەكە یاری ناكەن، بەڵام دڵنیایە دەتوانن لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمان یاری بكەن.

زێدان راشیگەیاند كە لە یارییەكەی ئەمڕۆدا پشوو بە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی نادەن و لە پێكاتەی سەرەكیدا یاری پێ دەكەن.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید ئێستا بەكۆكردنەوەی 45 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت و ئەگەر لە یارییەكەی ئەمڕۆدا سەركەوتن بەدەست بێنێ 2 خاڵ پێش یانەی ڤالێنسیا دەكەوێتەوە و دێتە ریزبەندی سێیەم، یانەی لیگانیسیش لە ریزبەندی 13ی یانەكان دێت بەكۆكردنەوەی 19 خاڵ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م