بەرشەلۆنە نهێنی پێكانەكانی دێمبیلێی ئاشكرا كرد

:: PM:12:26:21/02/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی هۆكار و نهێنی پێكانە یەك لە دوای یەكەكانی ئەستێرەی لاوی یانەكەی عوسمان دێمبێلێی فڕەنسی ئاشكرا كرد.

دێمبێلێ /19 ساڵ/ هاوینی رابردوو لە یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد، لە دەستپێكی یاریكردنیدا تووشی پێكان بوو و بەهۆیەوە ماوەی زیاتر لە 2 مانگ دوور كەوتەوە، دوای گەڕانەوەشی دووبارە تووشی پێكان بووەوە و لەو كاتەوە تا ئێستا تەنیا لە یەك یاریی یانەی بەرشەلۆنە بەرامبەر یانەی خیتافی یاری كرد و نەیتوانی ئاستێكی شایستە پێشكەش بكات.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیبۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: پێكانە یەك لە دوای یەكەكانی دێمبێلێ وای لە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە كرد بەدوای هۆكار و نهێنییەكانی بگەڕێ و دوای لێكۆڵینەوە بۆی دەركەوت پەیوەندی بە خواردنەوە هەیە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: پزیشكەكنی یانەی بەرشەلۆنە بۆیان دەركەوت دێمبێلێ خووی بە خواردنە خێرا و ناتەندروستەكان گرتووە و بەهۆیەوە توانای جەستەی لاواز بووە و تووشی پێكانی یەك لە دوای یەك دەبێتەوە.

پزیشك و پسپۆڕانی توانای جەستەیی لە یانەی برشەلۆنە جەختیان كردەوە كە یاریزانێكی پیشەگەری وەك دێمبێلێ دەبێت خۆی بە دووربگرێ لە خواردنە خێراكان و بڕیاریان دا چێشتلێنەرێكی تایبەت بۆ ئەو یاریزانە دابین بكەن تا خواردنی تەندروستی بۆ ئامادە بكات تا لە رێگەیەوە جەستەی بەهێز ببێتەوە و دووبارە بگەڕێتەوە ئاستی جارانی و لە پێكانەكان رزگاری ببێت.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م