لە پرسی هێرشەكەی دێرەزوور رووسیا بێدەنگیی شكاند

:: PM:02:08:21/02/2018 ‌

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڵاوی كردەوە ئەو كەسانەی لە هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە نزیك دێرەزوور كوژران، سەر بە سوپای رووسیا نەبوون، بەڵام خەڵكی رووسیا بوون و خۆبەخشانە روویان لە سووریا كردبوو.

مۆسكۆ كە پێشتر حاشای لە مردنی هیچ كەسێك لە هاووڵاتییانی وڵاتەكەی دەكرد، ئەمجارە دانی پێدا دەنێت و دەڵێت دەیان كەس كوژراون. لەمە زیاتر باس لە وردەكاری رووداوەكە نەكراوە، بەڵام ئەوە خراوەتەڕوو كە سەرجەم بریندارەكان بۆ مۆسكۆ گواستراونەتەوە.

بەگوێرەی "رادیۆ زەمانێ" شەوی چوارشەم لەسەر پێنجشەمی حەوتی شوبات هێزەكانی ئەمەریكا هێرشیان كردە سەر هیزێك كە تیایدا فەرمانبەر و سەرباز و راوێژكاری كۆمپانیایەكی تەناهی سەر بە رووسیا كاریان دەكرد، ئەوان پارێزگارییان لە هەندێك كێڵگەی نەوت و گاز دەكرد و بە هۆی هێرشەكە دەگوترێت سەدان كەس كوژران.

ئەوكات هەواڵەكە لە لایەن میدیاكانی دنیا و ناوخۆ بە ئاراستەی جیاواز بڵاو كرایەوە. سەرەتا گوترا هێزێكی سەر بەئێران بوون و لەلایەن ئەمەریكاوە پێكراون، دواتر گوترا ئەوانە هێزی بەشار ئەسەد بوون و لە هەندێك ماڵپەڕیش باس لەوە كرا بە هەڵە شەڕڤانانی كورد كراونەتە ئامانج.

دوایین زانیاری ئەوەبوو ئەمەریكییەكان ٢٠٠ سەربازی رووسیایان كوشت و دەگوترێت لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ئەمە بە خراپترین رووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزەكانی ئەمەریكا و رووسیا هەژمار دەكرێت.

 لە ماڵپەڕی بلوومبێرگ باس لەوە كرا كە ئەو ٢٠٠ كەسەی كوژران زۆربەیان رووسی بوون، بەڵام بەرگرییان لە سوپای بەشار ئەسەد كردووە و بە هەڵە لە لایەن هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە ناوچەی دێرەزوور پێكراون. سەرەڕای ئەم زانیارییە جیاوازانە، ئەمەریكا ژمارەی كوژراوەكانی بە ١٠٠ كەس و ژمارەی بریندارانیشی بە ٢٠٠ تا ٣٠٠ كەس هەژمار كرد.

لەسەر ئەوەی سەربازەكان هی رووسیا بن یان بۆ رووسیا كاریان كردبێت قسەی جیاواز دەگوترێ، بلوومبێرگ نووسیبووی جەنگ لە سووریا زۆر لەوە ئاڵۆزترە لە میدیاكان باس دەكرێت، جەنگێك كە لە سەركوتكردنێكی ناوخۆیی نێوان حكوومەت و خەڵك دەستی پێ كرد، بەڵام زۆربەی هێزە ناوچەیی و رۆژئاوایییەكان تیایدا بەشدارن. جگە لە هیزی هاوپەیمانان كە لە دەیان وڵات پێكدێن، رووسیا، توركیا، ئێران، لبنان، سعوودیە و بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی لەم شەڕە تێوەگلاون.

هەفتەی رابردوو ئەمەریكا بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ گرت،  جێمز مەتیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا گوتی دۆخەكە لێڵ و ئاڵۆزە و باسی لە وردەكاری زیاتر نەكردبوو، تۆماس ئێف ڤاڵ گوتەبێژی سوپای ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، هاوپەیمانان لە گەڵ رووسیا لە پێوەندیدا بوون و پێیان گوتراوە، هیچ مەبەستێكیان لەو هێرشەدا نەبووە.

بەگوێرەی "دونیایێ ئیقتیساد" هێرشەكە لە دووری هەشت كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی فورات لە حەوتی ئەم مانگە رووی داوە. هێزەكەی رووسیا كۆمەڵێك تانك و چەكی قورسیان پێ بووە و بە پشتیوانی تۆپخانە ویستوویانە پێشڕەوی بكەن، بەڵام لە لایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە دەبنە ئامانجی هێرش. لەو هێرشەدا هیچ سەربازێكی ئەمەریكی و هیزەكانی سوریای دیموكرات زیانیان بەرنەكەوت.

دوای هێرشەكە بەشێكی زۆر لە هێزەكە پاشەكشە دەكات، بەڵام فڕۆكەكانی ئەمەریكا وازیان لێ دەهێنن و هەر ئەوكاتیش حكوومەتی سوریا هاتە دەنگ و بە تاوانی جەنگی هەژمار كرد.

دەگوترێت رادەی ئەو زیانەی لەم هێرشەدا بەر هێزەكانی رووسیا كەوتووە، پێنج هێندەی هەموو ئەو زیانانەیە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بەر هێزەكانی رووسیا لە سووریا كەوت.

ئەلكساندی یۆنیۆڤ سەرۆكی ئەو دامەزراوەیەی لە لایەن كرێملینەوە پشتیوانی دارایی دەكرێت و پێوەندی بەو هێزانە هەیە كە بەرگری لە سوپای سووریا دەكەن، دەڵێت زۆر لەو سەربازە رووسییانەی لەم جەنگەدا كوژراون یان بریندار بوون، كۆنە سەربازی جەنگی ئۆكراینن.

هێشتا قسەی جیاواز لەسەر ئەم هێزە دەگوترێن، هەندێك كەس دەڵێن ئەوانە رووسین و هەندێكی تریش دەڵێن سوورین یان هێزی جیاوازن كە لە خزمەتی سوپای رووسیادان. بۆچوونێكی تریش هەیە دەڵێت ئەمانە هێزێكن كە بە "واگنر" ناسراون و هاوشێوەی ئەو هێزەی ئەمەریكان كە  بە "بلەك واتر" ناسراون و مەبەستیشیان پاراستنی دامەزراوەكانی پێوەندیدار بە وزەیە لە ناو خاكی سووریا و گرێبەستیان لەگەڵ حكوومەتی سووریا و رووسیا كردووە.

نیوری بارمین لێكۆڵەری پرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مۆسكۆ پێی وایە لە دێرەزوور پاڵاوگەیەك هەیە كە پێشتر لە دەستی چەكدارانی داعشدا بوو، بەڵام ئێستە لە ژێر دەستی سوپای بەشار ئەسەددایە. هەندێك رەخنە لە ئەمەریكا گیراوە لەوەی مەبەستی لەو هێرشە ئەوە بووە دەستبەسەر ئەو دامەزراوەیەی وزەدا بگرێت و بەوە تۆمەتباری دەكەن ئەمەریكا لە ناو خاكی سووریا بەدوای دەستكەوتی داراییدا دەگەڕێت.



وشە - سلێمان تاشان