لە هەڵەبجە %32ـی كڕین و فرۆشتنی خانوو زیادی كردووە

:: PM:03:08:21/02/2018 ‌

وەزارەتی دادی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماری ساڵی 2017ـی ئاشكرا كرد و پارێزگای هەڵەبجە زۆرترین كڕین و فرسشتنی خانووبەرەی لێ كراوە، هەروەها رێژەی داهاتەكانیان بەراورد بە خەرجییەكانیان 21% زیاترە لە وەزارەت.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی شوبات، نەریمان تالیب گوتەبێژی وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی ئامارانەی لە وەزارەتی داد تۆمار كراوە، داهاتی وەزارەت 73 ملیار و 977 ملیۆن دینار بووە و خەرجیی وەزارەتیش 60 ملیار و 983 ملیۆن دینار بووە.

گوتەبێژی وەزارەتی داد زیاتر گوتی، ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستان 434 داوای بینیوە و 140 سەردانیان ئەنجام داوە، پەیمانگەی دادوەریش خولی چوارەمی وەرگرتنی دادوەرانی كردووەتەوە و شەش خولی ترشی كردبووەوە لە ڕابردوو.

نەریمان لەسەر فەرمانگەی داواكاری گشتی گوتی، لە تاوانەكان هەزار و 401 دۆسیەی بینراوە و دەستەی نەوجەوانان لە داواكاری گشتی 926 دۆسیەی وردبینی كردوە، هەروەها 505 هەزار سكاڵای لەسەر دۆسیەكان جووڵاندووە و 27 هەزار و 126 دۆسیەیان وردبینی كردووە، كە 19 هەزاریان خوێندنەوەیان لەبارەوە كردووە، سێ هەزار و 899 تانەشیان لە بڕیای دادگاكان داوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی داد ئاشكرای كرد، لە ساڵی رابردوو 41 هەزار مامەڵەی خانوو و زەوی ئەنجام دراوە، بە بەراورد بە ساڵی 2016ی هەمان وەزارەت 6.3% مامەڵەكان كەمیان كردووە، بەڵام مامەڵەی كڕِین و فرۆشتن لەسەر ئاستی پارێزگاكان بەمشێوەیە تۆمار كراوە، لە پارێزگای هەڵەبجە 32% زیادی كردووە و لە پارێزگای هەولێر 7% كەمی كردووە و لە پارێزگای سلێمانی 8% زیادی كردووە و لە پارێزگای دهۆك 11% كەمی كردووە.

ساڵانە وەزارەتی داد ئاماری چالاكییەكانی ساڵێك بڵاو دەكاتەوە كە بەشێكی زۆر لە چالاكییەكانی لەسەر داواكاری گشتییە.



وشە - رامیار جەواد