ناوەندی بڕیار: لە خۆڕایی باس لە نادیاری داهاتی سلێمانی ناكرێت

:: PM:03:12:11/10/2016 ‌
گوتەبێژی باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی نادیاریی داهاتی پارێزگای سلێمانی رای دەگەیەنێت، لە خۆڕایی باس لە نادیاریی ئەو داهاتە ناكرێت و لە جیاتی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر پەرلەمانتاران، باشتر ئەوەیە وەڵامیان بدرێتەوە.

شاڵاو عەلی عەسكەری گوتەبێژی فەرمی باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، "ئێمە وەك  ناوەندی بڕیار لەگەڵ ئەوەداین شەفافیەت لە داهاتی هەموو ناوچەیەكی كوردستاندا هەبێت و بۆ گەنجینەی حكوومەت بگەڕێتەوە".

ئەو لێدوانەی گوتەبێژی فەرمی ناوەندی بڕیار، دوای ئەوە دێت كە لە ئێستەدا نادیاری داهاتی پارێزگای سلێمانی بووەتە جێگەی بایەخی میدیاكان و هاووڵاتییانی ئاساییش لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتییەوە پرسیاری لەسەر دەكەن، بەو هۆیەوە كە تەنیا ژمارەی داهاتەكە بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە، بەڵام پارەكە لە بانكەكانی سلێمانی دەمێنێتەوە و هەر لەوێش مامەڵەی پێوە دەكرێت.

هەر دوێنێ‌ دووشەم، پاش ئەوەی عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان چەند نووسراوێكی لەبارەی نادیاریی داهاتی سلێمانی بڵاو كردەوە، لەلایەن پارێزەری یاسایی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان/باڵی زۆرینەی مەكتەبی سیاسییەوە سكاڵای لەسەر تۆمار كرا.

عەسكەری دەڵێ‌، "عەلی حەمەساڵح و هیچ پەرلەمانتارێك لە خۆڕایی قسە لەسەر نادیاریی داهاتی پارێزگای سلێمانی ناكەن، ئێمە لەو بڕوایەدا نین كە ئەو پەرلەمانتارە لە خۆڕایی باس لە نادیاریی 50-60 ملیار دینار لە داهاتی سلێمانی دەكات كە بۆ هەولێر ناگەڕێتەوە".

لەبارەی تۆماركردنی سكاڵا لەلایەن یەكێتیی نیشتمانییەوە لەسەر ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، گوتەبێژی ناوەندی بڕیار دەڵێ‌، "باشتر ئەوەبوو باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی لە جیاتی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەسەر پەرلەمانتارێك، پەنای بۆ وەڵامدانەوە و روونكردنەوە بۆ رای گشتی ببردایە".

عەسكەری زیاتر دەڵێ‌، "هیچ دامەزراوە و دەزگەیەك نەماوە بە حزبی نەكرێت، بە دادگەكانیشەوە كە بە حزبی كراون"، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ناسەربەخۆیی دادگەكان لە یەكلاكردنەوەی دۆسیەكاندا.

وشە/گەرمیان-سەبری هۆرێنی
پێداچوونەوە: ر. ف


وشە - ڕێبین فه‌تاح