چەند حزبێك دەیانەوێ‌ فێڵ لە پڕۆژەی چاكسازی بكەن

:: PM:05:44:21/02/2018 ‌
هەرچەندە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی چاكسازی مووچەی خانەنشینی دەكات لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، چەند حزبێك دەیانەوێ‌ فێڵ لە چاكسازی مووچەی خانەنشینی نایاسایی بكەن و بە یاسایی بكەن.

پڕۆژەی چاكسازی لە مووچەی خانەنشینی نایاسایی و پلە باڵاكان ماوەی چەند مانگێكە لەپەرلەمانی كوردستان بە هاوئاهەنگی دەستەی دەستپاكی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكراوە و تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە گفتوگۆی پەرلەمانی كوردستان لەسەری بەردەوامە كە بەپێی ناوەڕۆكی پڕۆژەكە كە پێشتر "وشە" بڵاوی كردبووەوە، مووچەی خانەنشینی نایاسای نامێنێت و بڕیارە ئەو پارەیشی دەبڕدرێت بۆ پاشەكەوتی مووچە فەرمانبەران خەرج بكرێ.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ی شوبات، ئەحمەد وەرتێ‌ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، زانیاری هەیە كە هەندێك لە حزبەكان خەریكن لە ڕێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەو كەسانەی نایاسایین و پڕۆژە یاسای چاكسازی دەیانگرێتەوە بە تایبەت پلە باڵاكان، بكرێن بە یاسایی و بە پلەیەكی شایستە و گونجاو مووچە و خانەنشینییان بۆ ببڕنەوە.

زیاتر گوتی، بۆ نموونە ئەگەر كەسێك پێشمەرگەش نەبووبێت خەباتەكەی زیاد بۆ بنووسن و بە پێشمەرگەی پێش ڕاپەڕین تۆمار بكرێت و پلەكەی بۆ بكرێت بە لیوا و بەرەو خوار.

وەرتێ‌ دووپاتی كردەوە كە ئەوەی حزبەكان بەنیازن بیكەن پێی دەوترێت فێڵكردن لە چاكسازیی و پێویستە پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوونی بۆ بكات.

پێشتر موشیر رەشید بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو، دەستەی دەستپاكی ماوەی چەند ساڵێكە كار لەسەر خانەنشینی نایاسایی دەكات و لەو پڕۆژەیەشدا هاوئاهەنگی كردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەیەكی گونجاو دەربچێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"ی لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان ئامادە دەبێت و سەرنجەكانی خۆی لەسەر پڕۆژەكە و چۆنیەتیی جێبەجێكردنی دەخاتەڕوو.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم