مەلا بەختیار: ئەوانەی بە خزم خزمێنە پێشخرابن خیانەتیان لا ئاساییە

:: PM:07:56:21/02/2018 ‌
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕای گەیاند، ئەوانەی بە سروشتیی ‌و تەندروستی پێنەگەیشتبن و بە خزم خزمێنە پێشخرابن، كاتێك گەوهەری راستەقینەیان دەردەكەوێ لادەدەن‌ هەتاڕادەی خیانەتیان لایان ئاساییە.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ی شوبات، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕای گەیاندووە، دەسەڵاتخواز هەمیشە هەلپەرستە، تەنانەت ئەگەر پێویست بكات لە حزبەكەی و لە مێژووەكەی و لە بنەماڵەكەی هەڵدەگەڕێتەوە.

" ئەوانەی بە سروشتیی ‌و تەندروستی پێنەگەیشتبن و بە خزم خزمێنەو پەیژەی دەستەبازی ‌و هەلپەرستی، پێشخرابن، ئەم بەناو سیاسی ‌و سەركردەو پەرلەمانتارانە، لەكاتێكدا، پارەیان بۆ روو دەكرێ ‌‌و دەرگەی دەسەڵاتی ناڕەوایان بۆ دەكرێتەوە، هەم بەرپرسەكان فریودەدەن‌ و هەم رای گشتی چەواشە دەكەن، بەڵام كاتێك، گەوهەری راستەقینەیان دەردەكەوێ ‌‌و پەت پەتێنەی سیاسەتەكانیان ئاشكرادەبێ‌ لادەدەن‌ هەتاڕادەی خیانەت، لایان ئاساییە شەرم لە هیچ بڕیارێك نەكەنەوە". مەلا بەختیار وا دەڵێ‌.

ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكێتی دڵنیایی دەدات كە لە داهاتویەكی نزیكدا تەواوی نهێنییەكان لەسەر چەند كەسێكی ناو یەكێتی ئاشكرا دەبێت و دەڵێت " ژێر بەڕە، لەناو هەموو جومگەكانی حزبایەتی ‌و حكوومەتدا، سەبارەت بە هەموو ئەوانەی درۆ لەگەڵ حزبەكەیان ‌و بیروباوەڕیان ‌ دەكەن، دەكەونە سەر بەڕە".

ئەو هێرشەی مەلا بەختیار بۆ سەر چەند كەسێكی ناو یەكێتی لە كاتێكدایە كە ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی كە بەشێكیان بەهۆی ڕێككەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی و ڕادەستكردنی كەركووك بە خیانەتكار ناو دەبردرێن دەیانەوێ‌ لە كۆنگرەی داهاتووی یەكێتی تەواوی جوومگەكانی ئەو حزبە كۆنترۆڵ بكەن، لە كاتێكدا پێشتر چەندان بەرپرسی یەكێتی ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە ئەو چەند كەسەی بنەماڵەی تاڵەبانی بەهۆی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی بەرپرسیاریەتیان لەناو ئەو حزبە وەرگرتووە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم