ژمارەیەك پۆستی وەزیر و پلەی تایبەت هەڵدەوەشێتەوە

:: PM:08:48:21/02/2018 ‌

دوای پەسەند كردنی سێ‌ مادە لە پڕۆژە یاسای چاكسازی خانەنشینی بەپێی ناوەڕۆكی یەكێك لە مادەكان هەر كەسێك بەشێوەی نا یاسایی بە پلەی وەزیر یان بریكار وەزیر خانەنشین كرابێت پلەكەی هەڵدەوشێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی شوبات، قادر رەزگەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی راگەیاند، سێ‌ مادە لە پڕۆژە یاسای چاكسازیی لەخانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشینەكانی تاوتوێ كراوە و پەسەند كراوە.

ڕەزگەیی لەبارەی ناوەڕۆكی مادەكان گوتی، مادەی یەكەم تایبەت بوو بە ئامانجی یاساكە و مادەی دووەمیش بریتیی بوو لەوەی ئەو یاسایە بەسەر كێدا جێ بەجێ دەكرێت و مادەی سێیەمیش تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە تایبەت و پلە باڵاكان و ئەوانەی كە رۆژێك لە رۆژان وەزیفەی حكوومییان نەدیوە و خانەنشینن بەتایبەتی لە دوای پێكهێنانی یەكەمین كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پلەكانی وەزیر و بریكاری وەزارەت و راوێژكار و خانەنشینكراون.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو پڕۆژ یاساییەكی بەناوی چاكسازی لە كەرتی گشتی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرد بەمەبەستی پێداچوونەوە بە مووچەی كەسانی ناشایستە و پلە تایبەتەكان، بەڵام تا ئێستە تەنیا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە.



وشە - رامیار جەواد