تیرۆری گۆڕاو.. ئاڵا سپییەكان چۆن دەبنە هەڕەشە بۆ سەر عێراق؟

:: PM:09:21:21/02/2018 ‌

دەركەوتنی گرووپی تیرۆریستیی (ئاڵا سپییەكان) رووبەڕووبوونێكی نوێی تەناهییە بۆ دەوڵەتی عێراقی كە لە دوای دۆڕانە دوای یەكەكانی داعش لە گۆڕەپانەكانی جەنگ و نەمانی نموونەی دەوڵەتەكەی نوێنەرایەتی دەكردن، ئێستە دوارۆژی عێراق و ناوچەكە بە گشتی لەبەردەم چەند سیناریۆیەك كراوەیە لە بەردەوامی بەشێكی ئەندامانی داعش لە جێبەجێكردنی رێچكە و بیرۆكەی رێكخراوەكە دوور لە رەخەندی رێكخستنی بەیەكەوەنووساو، بەڵام هاوكات دەربڕی بەردەوامی و هاوبەشی بیروباوەڕەكەی كە دەتوانن لە شێوەی (گورگە تەنیاكان) هێرش بكەن.  

سیناریۆیەكی تر چوونی ئەندامانی داعشە بۆ ناو چەند گرووپێكی تری دووڕەگ و پەیدابوو لە داعش كە كەسانی بیر جیاواز، بەڵام ئامانج هاوبەش لەخۆ دەگرێت، ئەوەیش رووبەڕووبوونەوەی دەزگە و دامەزراوەكانی عێراقە وەك هەوڵێك بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو دامەزراوانە، لەو سۆنگەوە سەختە كە بڕیار لەسەر گرووپی (ئاڵا سپییەكان) بدرێت بەوەی كۆپی ئەزموونی داعش دەكات، چونكە دیارە كە ئەو رێكخراوە هەمان ئەندامەكانی داعش لەخۆ ناگرێت.

رێكخراوە دووڕەگكراوەكە، ئەو زانیارییانەی كە تا ئێستەیش زۆر نین لەبارەی ئەو گرووپە دووپاتی دەكەنەوە كە رێكخراوێكی چەكداری چاككراوە، چونكە ئەو رێكخراوەی كە ژمارەی ئەندامانی بە سەتان چەكداری پێشووی داعش دەخەمڵێندرێن، لە پاڵ ئەندامی تری رێكخراوە تیرۆریستییەكان، لەو چوارچێوەدا دەتوانرێت چەند خاڵێك لەبارەی ئەو رێكخراوە باس بكرێت:  

1-فرە لایەنگری، زانیاری جیاواز لەبارەی لایەنگری ئەو چەكدارانەی رێكخراوەكە هەیە كاتێك ژمارەیەك بەرپرسی تەناهی لە پارێزگای دیالە دەیخەمڵێنن كە چەكدارانی ئەو رێكخراوە بریتین لە پاشماوەی چەكدارانی داعش، بۆیە هەندێكیان باس لە (ئەحمەد حكوومەت) دەكەن وەك سەركردەی رێكخراوەكە كە ئەو پێشتر سەر بە داعش بووە، هەروەها هەندێك وای بۆ دەچن كە رێكخراوەكە بریتیە لە شێوە و رووكەشێكی نوێی گرووپی (ئەسارولئیسلام)ی كوردستان. 

لای خۆیەوە سادق حوسێنی، سەرۆكی لیژنەی تەناهی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە كانوونی یەكەمی 2017 رای گەیاند كە حزبی بەعس دەستی كردووە بە كۆكردنەوەی لایەنگرانی و گواستنەوەیان بە نهێنی بۆ بنكەكانی مەشقكردن بە مەبەستی دروستكردنی چەند گرووپێكی چەكداری، بۆیە ئەوەیش یەكێكە لە بۆچوونەكان. بەڵام بە گشتی بۆچوونەكە وایە كە ئەو رێكخراوە نوێیە لەسەر پاشماوەی داعش بنیات نرابێت. 

2-ناوچەی چالاكیی، رێكخراوی (ئاڵا سپییەكان) بە شێوەیەكی سەرەكی لە ناوچەكانی هەردوو پارێزگای دیالە و كەركووك چالاكە و چەكدارانی زنجیرە چیای حەمرین و شارۆكەی خورماتوویان كردووەتە حەشارگە بە سوودوەرگرتن لە سروشتی ناوچەكە و جوگرافیای ئەو ناوچەیە لە نێوان پارێزگاكانی سەڵاحەدین و كەركووك و دیالە. هەروەها ئەوان سوودیان لە ناوچەكانی بۆشاییی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق بینیوە كە لە دوای ئاڵۆزییەكانی 16ی ئۆكتۆبەری پارساڵ هیچ هێزێكی تیادا نییە. 

3-كردە تیرۆریستییەكانی رێكخراوەكە، عەمید یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژ بەناوی سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكانی هاوبەش لە عێراق لەم مانگەدا رای گەیاند كە رێكخراوی (ئاڵا سپییەكان) گرووپێكن لە یاسا دەرچووەكان و ئەوان رێگری دەكەن و چەك و نەوت بەقاچاغ دەبەن، هەروەها ژمارەیەك چەكداری هەڵاتووی داعش لەخۆ دەگرێت.

هەڕەشە چاوەڕوانكراوەكانی رێكخراوەكە:

1-رێككەوتنی ئالوگۆڕكردنی نەوت لە نێوان عێراق و ئێران، دەركەوتنی رێكخراوەكە لە ناوچەی خورماتوو وەك هەڕەشەیەكە بۆ سەر رێگەی گواستنەوەی نەوت لە دوای رێككەوتننی نێوان بەغدا و تاران بۆ ئالوگۆڕكردنی نەوت لە كانوونی یەكەمی رابردوو، كە بەو پێیە نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی تانكەرەوە لە كەركووكەوە بەرەو كرمانشای ئێران بە قەبارەی 30-60 هەزار بەرمیلی رۆژانە دەگوازرێتەوە و ئێرانیش بەرهەمەكانی نەوتی خاو لە بەسڕە رادەستی عێراق دەكاتەوە. واتە تێپەڕبوونی رۆژانەی 75-100 تانكەری گواستنەوەی نەوت بەو ناوچەی كە (ئاڵا سپییەكانی لێیە)، ئەوەیش ئەگەری هێرشكردنە سەریان دروست دەكات كە هەوڵی دەستبەسەردا گرتنیان بدەن. 

2-پشێویی تەناهی، بە سوودوەرگرتن لە دۆخی ئەو ناوچانە و بوونی گرژی لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق.

3-تۆڵەسەندنەوە لە حكوومەتی عێراق، رەنگە ئەندامانی رێكخراوەكە ئامانجێكی هاوبەش كۆیان بكاتەوە، ئەوەیش تۆڵەسەندنەوەیە لە حكوومەتی عێراق بەهۆی لەناوبردنی دەوڵەتەكەیان. 

داهاتووی رێكخراوەكە: 

رەنگە جارێ زوو بێت بۆ بڕیاردان لەبارەی رێكخراوەكە بەوەی وێنەیەكی نوێی رێكخراوی داعشە، بەتایبەتی تا ئێستە ئەو رێكخراوە بە روونی ئامانج و ئایدۆلۆژیای خۆی ئاشكرا نەكردووە، بۆیە دەتوانرێت گریمان بكرێت كە رێكخراوەكە دووڕەگە لە رووی ئەندام و تەكتیك و شێوازی هێرشەكانی.

لە سەر بنەمای ئەوەی باس كرا، پێدەچێت داهاتووی رێكخراوەكە بە دوو سیناریۆوە وابەستە بێت، یەكەمیان بەراستی رێكخراوەكە بەرجەستەی وێنەیەكی نوێی داعش بكات و لەو حاڵەتەیش رێكخراوەكە كێشەی گەورەی هەیە بەوەی داعش گورزی گەورەی بەر كەوتووە و سەرچاوەی دارایی زۆری لەدەست داوە و ناوی لای خەڵكەكە وەك جاران نەماوە.

لەو كاتەی سیناریۆی دووەم دەڵێت كە ئەگەری باڵادەستیی یاخیبوونی كورد و بەرژەوەندەی سیاسییەكان بەسەر رێكخراوەكە هەبێت لەگەڵ بوونی ئەندامانی داعشیش، بەوەی رێكخراوەكە ببێتە بەشێك لە ململانێی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پاڵپەستۆكردن، بەوەیش دۆخەكە بۆ بەغدا ئاڵۆز دەبێت.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل