رەخنەگرێكی خواردن تووشی شێرپەنجە دەبێت و بڕیاری هاوسەرگیری دەدات

:: PM:04:57:22/11/2016 ‌

ئای ئای گێڵ، یەكێكە لە رەخنەگرە بەناوبانگەكانی بواری خواردن و خواردنگەكانی وڵاتی بەریتانیا، لە ئێستەدا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە لە سییەكانیدا.

ئەو رەخنەگرە كە ئێستە لەژێر چارەسەری كیمیایییە، رای گەیاندووە كە هەست بە بەدبەختی ناكات و بگرە زۆریش خۆی بە كەسێكی بەختەوەر هەژمار دەكات.

ئای ئای گێڵ، ماوەی نزیكەی 23 ساڵە لە پێوەندیی ئەڤیندارانەدایە لەگەڵ نیكۆڵا فۆرمبی و دوو منداڵیشیان هەیە، ئێستەش تووشبوونی بەو نەخۆشییە مەترسیدارە وای لێ كردووە كە بڕیار بدات، بە شێوەیەكی فەرمی هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەو خۆشەویستەیدا بكات.

لە لێدوانێكیشدا بۆ رۆژنامەی سەندەی تایمز، ئەو رەخنەگرە رای گەیاندووە، ئەو لە میانەی گەشتێكیدا لەگەڵ خێزانەكەی هەستی بە كەمبوونەوەیەكی لەناكاوی كێشی جەستەی كردووە و ئەمەش وای كردووە سەردانی پزیشك بكات و دەربكەوێت كە تووشی ئەو نەخۆشییە بووە، ئەگەر نا هیچ نیشانەیەكی نەخۆشییەكە لە هیچ ئەندامێكی جەستەیدا دەرنەكەوتووە.

پزیشكەكان بە گێڵیان راگەیاندووە، وەرەمێكی شێرپەنجەیی لە سییەكانی دروست بووە و هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ جگەرەكێشان، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەو ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە وازی لە جگەرەكێشان هێناوە.

ئەو رەخنەگرەی خۆراك، لەبارەی تووشبوونی بەو نەخۆشییەوە، لە یەكێك لە وتارە رۆژنامەوانییەكانیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە وەرگرتنی چارەسەری كیمیایی كاریگەریی كردووەتە سەر هەستی تامكردنی و ئەمەش شوێنەواری نەرێنی لەسەر كارەكەی دروست دەكات.

سەرچاوە: bbc




وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی