ژمارەیەک داعش دزە دەکەنە ناو کەرکووک

:: PM:10:17:21/02/2018 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر هێزەكانی عێراق لە گەڕەكی شۆریجەی كەركووك و بەو هۆیەوە زیانی گیانیان لێ داون. لەناو ترس و دڵەڕاوكێی دانیشتوانی شارەكە.

نەقیب سوفیان لە فرقەی ئاڵتوونی عێراقی تایبەت بە "وشە"ی رای گەیاند، سەعات نۆی ئەمشەو گرووپێك لە چەكدارانی داعش كە ژمارەیان دەگاتە ٥۰ بۆ ٨۰ كەس گەیشتنە ناو شاری كەركووك بە گەڕەكەكانی شاری كەركووك بڵاو بوونەتەوە.

زیاتر گوتی، یەكەم هێرشیان بۆ سەر هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵ لە گەڕەكی پەنجا عەلی لە شاری كەركووك لە نزیك چەمی خاسە دەست پێ كرد و پەلاماری خاڵێكی پۆلیسی فیدرالییان داوە و چوار پۆلیس كوژراون.

شایەنی باسە دوێنێ شەویش بە هەمان شێوە شەڕ لە گەڕەكەكانی عرووبە و پەنجا عەلی رووی داوە و ئەمڕۆیش خەڵكی كەركووك شڵەژانیان پێوە دیاربوو بەهۆی بوونی دەنگۆی هەوڵەكانی داعش بۆ هێرشێكی گەورە بۆسەر شارەكە.   

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كاتێك لە یارمەتی گرووپێكی ناپاكی ناو هێزێكی سیاسیی كوردستان، هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵیان كوتایە سەر كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكان و داگیریان كردن، لەو ساتەوە جیا لە پێشێلكارییەكان لەدژی كورد لەلایەن ئەوانەوە، دۆخی تەناهی ناوچەكە لەژێر كۆنترۆڵدا نییە و داعش لە ناوچەكە هێرش دەكات.



وشە - محەمەد میران