وه‌ڵامێك بۆ ئاواته‌كه‌ی مه‌له‌كشا: به‌ كاوه‌ بڵێ با نه‌یه‌ت بۆ سلێمانی

:: AM:09:51:22/02/2018 ‌
وه‌ڵامێك بۆ ئاواته‌كه‌ی مه‌له‌كشا: به‌ كاوه‌ بڵێ با نه‌یه‌ت بۆ سلێمانی

ئاخۆ دەبێ
ئەو ڕۆژە بێ
کاوەی کوڕم
جانتای سەفەر بکاتە شانی
دەڵاڵانی بەر گه‌راجی
شاری سنە هاوار بکەن
سلێمانی سلێمانی
جەلال مەلەکشا

*
هاوڕێم  "جەلال"
کاوەی کوڕت ئاگادار کە 
کە "جانتای سەفەری کردە شان"
با نەچێت بۆ سلێمانی
نەکا هەوای "شانزەی ئۆکتۆبه‌ر"
ژاراویی کات سییەکانی
بڵێ بچێ بۆ جێژوانی ئاشقانی نیشتمانی
لە سەر شوورەی سووری ئامەد 
سوجدە بەڕێت
بۆ پەلکەی پیرۆزی کچانی کۆبانی
 ڕەحیم لۆقمانی

*
هاوڕێم "جەلال"
ڕێگا مەدە کاوەی کوڕت
بڕوا بەرەو سلێمانی
دەترسم کوردفرۆشەکان
بە ئاسانی، بێ ڕێز،
سەیری باوەڕی بکەن
هێرش بکەنە سەر گیانی!
ک.د.ئازاد

*
هاوڕێم "جەلال"
کاوەی کوڕت بگێڕەوە،
دەڵاڵانی بەر دەروازەی کەرکووک،
پڕ بە جانتاکەی
 نیشتمانیان برد 
بە بووک، 
خەرمانی هەڵدانەوەی پارەن 
گه‌راجەکانی سلێمانی،
بیگێڕەوە و لێی بپرسە،
ئەرێ کوڕم 
کەس لەوێ کوردی دەزانی؟
ئاوارە

*
هاوڕێم "جەلال"
ڕێگا مەدە کاوەی کوڕت
بڕوا بەرەو سلێمانی!
لەوێ هێشتاش خۆفرۆشەکان
بە ئاشکرا و بە نیهانی
کورد دەفرۆشن؛
بە عەرەب و بە ئێرانی!
هەڵۆی ‌قەندیل

*
هاوڕێم "جـەلال"
کاوەی کوڕت وا ڕاسپێرە
کە جانتاکـەی کردە شانی
بۆ سەفەرێ کەوتە سەری
هەوای شاری سلێمانی
با تاوێ لابدا لێرە
لە شاری بوداغ سوڵتانی
وه‌سێتنامەکەی پێشەوا و
باوەشێک ویــژدان و شەڕەف
بەرێ بۆ لاهـوری جـەنگی و
کا پاوێڵی تاڵەبانی
م ئـ هۆگر

*
هاوڕێم "جەلال"
بەم پێ و دانە بڕواتە پێش
ئاواتەڪەت بەری دوورە!
لەو دیوی سنووری دووژمن،
ئێستا ڪورد بۆ خۆی سنوورە
باڵیان ڪردووە زەنجیر نەیار 
بادەی خیانەت دەنۆشن.
مەستیان ڪردووە 
چوونەتە ڕیزی داگیرڪەر،
دەڪوژن، دەبڕن  پێی سەرخۆشن.
تڪا دەڪەم
با ڪاوەی ڪوڕت نەڕوات!
لە سلێمانی،
ڪورد دەفرۆشن، ڪورد دەفرۆشن!!!
ئارام مەلەڪشا

*
براگەورەم جەلال،
 لێزان، دەلال 
بڵێ:
بە کاوەی کوڕت نەچێتە گه‌راج،
 بۆ سەفەری (سلێمانی)
ئەوە نەبوو دەمانزانی،
لەوێ شەرەف، نامووس و خوێن،
دەکرێن تف و لەحنەت و جوێن.
 چەک و سەنگەر، شەهید و ئاڵا
 تەنانەت بیرێڪی  ئازاد،
دەدرێتە بەر دەستڕێژ و
ڕەنجی مەردان دەدەن بە با.
هەوراز .جوانڕۆ

*
بۆ کوێی ئەنێری مامۆستا
کاوەی کوڕت بگێڕەوە 
ئەو مەڵبەندە پڕە لە ژان 
تەژی خاکفرۆشیە و تاڵان 
هەر ئەو  شارە 
هەموو کوردی یەکسەر هەژان 
ئاخ لە دەستی خۆفرۆشان
پایتەختی ڕۆشبیری و زانیاری بوو!
کەچی سەرکردە ملهوڕەکان  
سەریان بە هەرچی کوردە دانەوان 
ئاخ لەو ڕۆژەی 16ی ئۆکتۆبه‌ر.
قەت ناسڕێتەوە لە بیرمان 
بیگێڕەوە بیگێڕەوە 
کاوەی کوڕت مامۆستا گیان 
با فێر نەبێ خاک فرۆشتن
 لە سەرکردە ناپیاوەکان 
نامۆ سەقز

*
کاتێ "کاوەی کوڕم
 جانتای سەفەر بکاتە شانی"
 پێی دەڵێم:
 سەری خۆی هەڵگرێ و 
ڕوو بکاتە چۆڵەوانی
لای کەس نەڵێ: 
ئەمن کوردم
ئازام, دلێرم
"نەوەی مه‌یمون نیم و
بێچوە شێرم"
 بە داڵانداری سنە دەڵێم
تکایە هاوار مەکە:
 سلیمانی, سلیمانی
 لە ڕۆژگاری نامەرداندا
 سەدانی وەک مامە ڕیشە
 لەناو گۆڕا تەز دێتە گیانی
 ڕادەمێنێ و لە خۆی دەپرسێ:
 ئاخۆ بۆچی خۆم کردە قوربانی؟
دوکتۆر کەریمی

*
هاوریم جەلال
بە کاوە بڵێ با نەیەت
بۆ سلێمانی!
چونکە بۆتە مۆڵگەی جاش و
پاسداری قاسم سلێمانی..!!
خالید کەرکووک.


وشە - تایبه‌ت