ئەمەریكا داخوازی پەنابەری 100 ئێرانی رەت كردەوە

:: AM:10:03:22/02/2018 ‌

میدیاكانی ئەمەریكا بڵاویان كردەوە، حكوومەتی ئەمەریكا داخوازیی پەنابەری نزیكەی ١٠٠ كەمایەتی مەزەویی ئێرانیان رەت كردووەتەوە.

ئەم بڕیارەی حكوومەتی ئەمەریكا هەڵوێستی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكای بەدواوە بووە و داوایان كردووە، وەزارەتی ئاسایشی نەتەوەیی پێداچوونەوە بەسەر بڕیارەكەدا بكات.

رۆژنامەی "فارن پۆڵیسی" بڵاوی كردەوە، گرووپێك لە پەناخوازان كە زۆربەیان مەسیحین، زیاتر لە ساڵێكە لە نەمسا چاوەڕوانی وەرگرتنی ڤیزەی ئەمەریكا دەكەن و ئێستەش مەترسیی ئەوەیان لێ دەكرێت لە نەمسا دەربكرێن.

ئەو بڕیارەی ترەمپ لە كاتێكدایە لەبارەی پێكهاتە ئاینییەكان رەخنەی توند لە ئێران دەگیرێت و بە پێشێلكاری مافی پێهاتە و كەمایەتییە مەزەوییەكان تۆمەتباری دەكات.

كەمایەتییە مەزەوییەكانی ئێران بە پشتبەستن بە  یاسای "لۆتنبێرگ" داوای وەرگرتنی ڤیزەی ئەمەریكایان كردووە، یاساكە بەرگری لە كەمایەتییە مەزەوییەكان دەكات.

تا پێش بە دەسەڵات گەیشتنی ترەمپ، ئەو كەمایەتییە مەزەوییانەی ئێران لە نەمسا داوای ڤیزەی ئەمەریكایان دەكرد و خێرا لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كاروباریان رێك دەخسترا و پاشان بۆ ئەمەریكا دەگوازرانەوە.

هەندێك ئەندامی دیموكرات و كۆماریخوازی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا داوای روونكردنەوەیان لە حكوومەتی ئەمەریكا كردووە بۆچی كار بەو یاسایە ناكەن كە پێشتر كاری پێ كراوە.

بەگوێرەی یاساكە، لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە ٢٠ هەزار ئێرانی لە ئەمەریكا مافی پەنابەرێتییان وەرگرتووە.
سەرچاوە/بی بی سی




وشە - سلێمان تاشان