ئەنسۆلین ئەو هۆڕمۆنەیە كە یارمەتی خانەكانی لەش دەدات بۆ هەڵمژینی گلوكۆز، بۆیە لەو كەسانەی كە نەخۆشی شەكرەیان هەیە یان ئەوەتا ئەو هۆڕمۆنە لەكار دەكەوێت وەیا كەم دەردەدرێ، بۆیە شەكر لە خوێنیان كەلەكە دەبێت و ئەوەش ئەگەر بە دروستی بەڕێوە نەبرێت و كۆنترۆل نەكرێت مەترسی دروست دەكات.
بەپێی رۆژنامەی "میدیكەڵ نیوز تودەی" ئەو خواردنەوە جیاجیایانەی كە مرۆڤ دەیخوات كار دەكاتە سەر رێژەی شەكرەی خوێن، ئەگەرچی بنەمای خواردنی دیاریكراو نییە، بەڵام رەنگە چەند رێنماییەك سوودی زۆری هەبێت بۆ نەخۆشانی شەكرە، گرنگ ئەوەیە پێڕەوی سیستمێكی خوراكی هاوسەنگ و كۆنترۆلی بڕی كاربۆهیدراتی وەرگیراو و رۆژانە بكەیت.
تۆ پێویستە رۆژانە بڕی گونجاو لە كربۆهیدرات وەربگری وەك یەكەم سەرچاوەی وزە بۆ لەش و مێشك بەتایبەتی بۆ دەستكەوتنی وزەی پێویست بۆ جوڵانەوە و كاركردن، بۆیە تۆ دەتوانی سوود لەو نووسینەی سەر هەرە خواردنەوە و خواردنێك وەربگرێت كە چەند كاربۆهیدراتی تیادایە.
ئەو خواردنەوانەی بۆ نەخۆشانی شەكرە باشن:
-ئاو، باشترین خواردنەوەیە بۆ لەش و تەندروستی لەش و مێشك بەو پێیەی هەموو سیستمێكی لەش پێویستی بە ئاوە، تەنانەت ئەگەر حەزت بە خواردنی شیرینی یان خواردنەوەی گازیش كرد سەرەتا گلاسێك ئاو بخۆرەوە.
-ئاوی چێژدار، رەنگە لە بێچێژی ئاو بێزار بیت و پەنا بۆ شەربەت ببەیت، بەڵام ئەوەیان زیانی هەیە، تۆ دەتوانی چێژی لیمۆ یان توو بۆ ئاو زیاد بكەیت، یان زیادكردنی شلەی گەڵای رووەكی سەبار بۆ ئاو سوودی بۆ نەخۆشانی شەكرە هەیە.
-چای رووەكەكان، تۆ دەتوانیت گەڵای هەندێك جۆری رووەك لە ئاودا بكوڵێنیت و چێژی بۆ زیاد بكەیت و سوودی گەورەی بۆ تەندروستی دەبێت، وەك گیراوەی رەگی سووس كە شیرینییەكی بێ زیانی هەیە و تەنانەت رێژەی شەكرەش دادەبەزێنێت.
-شیر، هەندێكجار لەش پێویستی بە زیاتر لە ئاو هەیە، بۆیە شیر بژارەیەكی باشە بەتایبەتی شیری مانگای بێ چەوری یان ئاوی سۆیا و برنج و گوێز كە هاوكات كالۆری و ڤیتامین و كانزا دەبەخشن.
-شەربەتی میوەی سروشتی، بەڵام پێویستە بە رێژەیەكی كەم و بەجیا نەخورێت، واتە لەگەڵ خواردن داینێیت و بیخۆیتەوە.
-قاوە و چا بەڕێژەیەكی ناوەند، تۆ دەتوانی چا و قاوە كە مادەی كافایینیان تیادایە بەشێوەیەكی ناوەند بخۆیت كە لەسەر ئاستێكی دوور سوودی گەورەی هەیە، بەڵام پێویستە كۆنترۆڵی شیرینییەكەیان بكرێت.
سەرچاوە: ئەعزەمییە نیوز