حكوومەت لەبارەی پێشینەكانی هاوسەرگیری و خانووبەرە بڕیارێكی دەركرد

:: PM:02:52:22/02/2018 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پێشینەكانی هاوسەرگیری و خانووبەرە و سندووقی نیشتەجێبوون، بڕیارێكی دەركرد و بەپێی بڕیارەكە لێبڕین لەسەر ئەو پێشینانە ڕادەگیرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی شوبات، بە واژووی رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوێك بڵاو كرایەوە كە بەپێی نووسراوەكە، بڕیار دراوە بە ڕاگرتنی لێبڕینی پێشینەكانی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

لە نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هاتووە، بڕیار دراوە بە دواخستنی گشت لێبڕینەكانی تایبەت بە پێشینە و قەرزە گشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لای مووچەخۆران وەك پێشینەكانی (خانووبەرە، هاوسەرگیریی، سندووقی نیشتەجێبوون)، جگە لە لێبڕینی خانەنشینی و باج و خەرجی بژێوی.

ئەو بڕیارەی وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە كە تا ئێستە تەنگژەی دارایی لە هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە و فەرمانبەران بەچەند مانگێك جارێك مووچە وەردەگرن، هاوكات بەشێك لە خاوەنی ئەو پێشینانە مانگانە بڕێك پارەیان بۆ خەزێنەی گشتیی دەگەڕێنرایەوە.

 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم