مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان گەیشتە ئەمەریكا.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی شوبات، مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان گەیشتە ئەمەریكا و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كۆشكی سپی كۆ ببێتەوە.
بەپێی زانیاریەكانی "وشە" مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كۆشكی سپی و كۆنگرێسی ئەمەریكادا كۆ دەبێَتەوە و چەند پرسێكی گرنگی پێوەست بە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە تاوتوێ دەكات.
سەردانەكەی مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا لەكاتێكدایە كە هەفتەی ڕابردووش بەشداری لە كۆنگرەی ئاسایشی نێودەوڵەتی میونشن كرد و سەرۆكایەتی شاندی تەناهی كوردستانی دەكرد.
مەسروور بارزانی لە كۆنگرەی نێودەوڵەتی میونشن زۆرترین چالاكی تەناهیی ئەنجام داوە و ئەزموونی سەركەوتووی كوردستانی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، بەو وڵاتانە راگەیاندووە كە لە ئەوروپا بایەخی تەواو بە ئاسایشی ناوخۆیان دەدەن و لە ئێستە بەرنامە بۆ داهاتوو دادەڕێژن لەو رووەوە.
بە بڕوای شارەزایانی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەنگاوی رژدی بڕیوە بۆ ئەوەی لە ئاسایشی نێودەوڵەتی نزیك ببێتەوە و بووەتە جێی متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، شارەزایان بەشداریی شاندی تەناهی كوردستان لە كۆنگرەی ئاسایشی نێودەوڵەتی میونشن، بە هەنگاوێكی تریان زانی تا هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئاسایشەوە زیاتر بچێتە پێشەوە، هاوكات وای دەبینن لە چەند ساڵی ڕابردوو متمانە لای وڵاتان تەنیا بە هەرێمی كوردستان كراوە لە ڕووی ئاسایشەوە.