قوتابخانەیەك پێكەوەژیانی پێكهاتەكان له‌ كوردستان قووڵتر دەكاتەوە

:: PM:01:31:24/02/2018 ‌

مامۆستایەكی ژن بە ئاین مسوڵمان وەك تاكە مامۆستا لە ئاینێكی تر لە قوتابخانەیەكی مەسیحییەكان واتە بە قوتابییان دەڵێتەوە. دووپات لەوە دەكاتەوە كە زۆر دڵخۆشە توانیویەتی جیاوازیی ئاینی و نەتەوەیی وەلا بنێت و بۆ خزمەتی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و قووڵكردنەوەی زیاتری پێكەوەژیان وەك نموونەیەك ئەو هەنگاوە بنێت.

جیهان ئەحمەد مامۆستایەكی مسوڵمانە و لە قوتابخانەی ئامادەیی زەهریرای ئامادەیی لە شارەدێی دێرەلووكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی وانە دەڵێتەوە، ئەو بۆ "وشە" گوتی، ماوەی 10 ساڵە وەك مامۆستایەكی مسوڵمان لەو قوتابخانەیە كە تەواوی قوتابییەكانی مەسیحین، وانەیان پێ دەڵێمەوە، ئەمە نموونەیەكی جوانی قووڵبوونەوەی پێكەوەژیانە كە هەموومان شانازی پێوە دەكەین، بە كولتوور و فەرهەنگی مەسیحییەكانیش زۆر دڵخۆشم.


زیاتر گوتی، ماوەی 10 ساڵە وەك مامۆستای زمانی كوردی لەو قوتابخانەیە دامەزراوم، سەرەتا هەندێ گرفت لە ڕووی تێگەیشتن و زمان و كولتوورەوە هەبوون، بەڵام دواتر لە ئەنجامی تێكەڵی و لێكنزیكبوونەوەی بیروباوەڕ و نەریت و كولتوور، توانیمان بەسەر جیاوازی ئاین و كولتوور زاڵ بین و بەیەكەوە من و قوتابییەكانم سەرنجمان لەسەر فێربوون كۆ كردەوە، نەك جیاوازی ئاین و نەتەوە و شتی تر.

مامۆستا جیهان هەر كەسێك لەو دنیایە مافی خۆیەتی بە زمانی خۆی قسە بكات و بخوێنێت، ئێمە و مەسیحییەكانیش هەمان مافمان هەیە، كوردستانیش لەو ڕوانگەیەوە هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە و پێكەوەژیانی ئاشتییانی نێوان پێكهاتە ئاینی و نەتەوەیییە جیاوازەكان بە تەواوی قووڵ بووەتەوە، هەریەكێكیش لەو پێكهاتانە فێری زمانی ئەوەی تر بین، ئەمە زیاتر پێكەوەژیان بەهێز دەكات و كولتوورەكەمان دەوڵەمەند تر دەكات، من جیا لەوەی مامۆستام و وانەی كوردی بەوان دەڵێمەوە، خۆیشم فێری زمانی سریانی و كولتووری مەسیحییەكان بووم، ئەمەیش مانای وایە من هەم بوومەتە فێركار وەك مامۆستا، هەم لێیانەوەیش فێری زمانێكی تر و كولتوورێكی تر بووم.

ئەو مامۆستایە تاكە حاڵەت نییە لە كوردستان، بەڵكو لە سنووری پارێزگای هەولێر و ناوچەكانی تریش، لە چەندان قوتابخانە مامۆستای بە ئاین مەسیحی لە قوتابخانەكانی مسوڵمانان وانە دەڵێتەوە و چەندان قوتابیش لە قوتابخانەی مسوڵمانیش لە قوتابخانەی مەسیحی، یان بە پێچەوانەوە خوێندوویانە، ئەمەیش بۆ فەرهەنگی دەوڵمەندی پێكەوەژیان و یەكتر قبووڵكردنی ئاینی و نەتەوەیی لە باشووری كوردستان دەگەڕێتەوە.

لە سنووری شارۆكەی ئامێدی پێنج قوتابخانەی بنەڕەتی و دوو قوتابخانەی ئامادەیی هەیە، یەكێك لەو قوتابخانە ئامادەیییانە هی مەسیحییەكانی ناوچەكەیە و ئەوان لێی دەخوێنن، نزیكەی 45 قوتابی تێیدا بەردەوامن لە پرۆسەی خوێندن.

ئامێدی /نەوزاد هلۆری.
















وشە - باز ئه‌حمه‌د