لەم مانگەوە پارە بۆ پێشمەرگە خەرج دەكرێت

:: PM:03:31:24/02/2018 ‌

بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، پێشبینی دەكرێت بە ڕێككەوتنی ئەمەریكا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر میكانیزمی دابەشكردن لەو مانگەوە پارە بۆ پێشمەرگە خەرج بكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 24ـی شوبات، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕە پارەیەك لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ پێشمەرگە تەرخان كراوە، بەڵام ئەگەر پارەكە هاتبێت، دێت بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەو پارەیەش ئەمەریكا وەك هاوكارییە.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان گوتی، لە بودجەی ساڵی 2018ـی ئەمەریكا بڕی 365 ملیۆن دۆلاری دابین كردووە بۆ پێشمەرگە ئەو پارەیە ڕاستەوخۆ نایەتە هەرێمی كوردستان، بەڵكو مانگانە دێتە ناردن.

یاوەر ئاشكرای كرد ئەگەر حكوومەت لەسەر میكانیزمەكە ڕێك بكەوێت و ڕەزامەند بێت لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر شێوازی دابەشكردنی، بۆیە مانگانە بەشێكی دێت دوای هاتنی بۆ دارایی ئەوانیش دەینێرن بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.

یاوەر ڕوونی كردەوە كە ئەو پارەیە بەشی 36 هەزار پێشمەرگەیە كە پێشمەرگەكانی پیادە و بنكەكانی مەشقە و ڕاهێنانە، هەروەها دەبێت ئەوەش بزانین دەبوو لەو مانگە دابەش بكرایە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین ئەوە لەگەڵ مووچەی مانگی 10ـی ساڵی 2017ـیە، چونكە مووچەمان دواكەتووە و مووچەی مانگی 10 وەردەگرین، ئەوان ئەو پارەیە دەدەن ئەگەر ڕێككەوتنەكە بكرێت، ئومێد دەكەین بێت.

ئەمەریكا بڕیاری داوە لە بەشە بودجەی ساڵی 2018ـی خۆی بڕی 365 ملیۆن دۆلار بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان خەرج بكات.



وشە - رامیار جەواد