لە ترسی داعش چەند ڕێگەیەك داخراوە
دوای كوژرانی 50 كەس بەرپرسانی تەناهی دەڵێن كەركووك ئارامە

:: PM:06:42:24/02/2018 ‌

بەهۆی تێكچوونی دۆخی تەناهیی شاری كەركووك، چەندین رێگەی سەرەكی گیراون و بڕیارەیشە شەوانە رێگەی شارەدێكانی ڕیاز و ڕەشاد بۆ هاتوچۆ دابخرێت، بەرپرسێكی حەشدی شەعبیش دەڵێت، دۆخەكە ئارامە، لەو كاتەی لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا 50 لە هاووڵاتی و چەكداری حەشدی شەعبی كوژراون.

سەڵاح سێبوور، ناوی ئەفسەرێكی خوازراوی بازگەی چیمەنە بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ شەموو بۆ ماوەی شەش سەعات و بە فەرمانی پۆلیسی شاری كەركووك رێگری كرا لە چوونە دەرەوەی خێزانەكان بەرەو شاری سلێمانی.

ئەو ئەفسەرە زیاتر گوتی، رێگرییەكە لە سەعات حەوتی بەیانی بۆ سەعات یەكی دوای نیوەڕۆ كرا و دواتر بڕیاری كردنەوەی ڕێگەكە درا، ئەمەیش دوای هێوربوونەوەی دۆخەكە و نەمانی تەقە لە گەڕكە كوردییەكان.

راكان سەعید، پارێزگاری كەركووكی بەزۆر سەپێنراو لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان كە هیچ هەڕەشەیەك لەسەر كەركووك نییە و لە پێوەندییەكانیدا لەگەڵ هەموو فەرماندە سەربازییەكان، دووپات لەوە كراوەتەوە كە دۆخەكە سەقامگیرە و مەترسی نییە.

راكان لە بەیاننامەكەدا سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی‌ رەت كردەوە كە باس لە بەهێزبوونی‌ پاشماوەكانی‌ هێزەكانی‌ داعش دەكەن لە سنوورەكە و ڕای گەیاند، ئەو هەواڵانە دوورە لە راستییەوە كە بارودۆخی‌ تەناهی شاری‌ كەركووك جێگیر نییە.

ئەم بەیاننامەیەی پارێزگاری كەركووك لە كاتێكدایە كە بەشێك لە خەڵكی كەركووك شەوی رابردوو، بەهۆی بڵاوبونەوەی دەنگۆی بوونی مەترسیی هێرشی چەكداری ‌و پاشماوەكانی داعشەوە لە دڵەڕاوكێ‌ و نیگەرانیدا بوون، سەرباری رەتكردنەوەی ئەو دەنگۆیانە لەلایەن لێپرسراوانەوە، هەروەها سێ‌ تەقینەوەی نارنجۆك لە شارەكە شەوی ڕابردوو تۆمار كراوە، لەگەڵ تەقەیەكی زۆر.

 لە بەیاننامەكەیدا پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ هاتووە، هەموو هێزەكان لە ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی ئاسایش و رووبەرووبونەوەی هەر هەڕەشەیەك، هەواڵی دەربارەی بوونی مەترسی و كشانەوەی هێزە تەناهییەكانی ڕەت كردەوە.

عەلی هاشم، بەرپرسی حەشدی توركمانی لە كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ژیان ئاساییە و كەركووك ئارامە ئەوەشی هەیە هۆكارەكەی دوو بۆ سێ‌ مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردن، بۆیە دوژمنەكانی دەوروبەری عێراق دەیانەوێت ئەو هەڵبژاردنە نەكرێت و هۆكارێكی تریش ئەوەیە كە هەندێك لە سیاسییەكانی خۆمان دژی ئەو دۆخە و ئایندەی عێراقن.

ئەو بەرپرسەی حەشدی توركمان دەڵێت، سەرجەم هۆكارەكان بۆ هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە و دۆخی كەركووك باشە و باشیش دەمێنێتەوە، هەروەها ئەو پشێوییانەی هەیە پێویستە بزانین داعش زۆر ڕێگەی هەیە و هێزی ڕاگەیاندنی هەیە و بەكاری دێنێت، بۆیە دەیانەوێت دۆخەكە تێك بدەن، بەڵام ئێمە بەرنگاریان دەبینەوە.

سەید عەلی گوتی، ئێمە لەناو كەركووك نەماوین لە سنووری بەشیرین، ناو كەركووكیش پۆلیس و سوپای عێراقی لێیە، بۆیە پاراستنی تەناهی شارەكە بەدەست ئەوانەوەیە.

نەقیب سوفیان، لە فرقەی ئاڵتوونی عێراقی تایبەت بە "وشە" ڕای گەیاند، لە ڕۆژی 21ـی ئەم مانگەوە نزیكەی 50 بۆ 80 داعش هاتوونەتە كەركووك ئەمڕۆیش دۆخی تەواوی شاری كەركووك ئاڵۆز بوو بە تایبەتی گەڕەكەكانی پەنجا عەلی و شۆڕیجە و ڕەحیم ئاوا و دەنگۆی ئەوە بڵاو كرابوویەوە كە داعش هاتوونەتە ناو گەڕەكە كوردییەكان و دەستیان بەسەردا گرتووە.

ئەو ئەفسەرە دەڵێت، دان بەوەدا دەنێم كە هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵ بە تەواوی كشانەوە و هیچ بەرگرییەكیان نەكرد بە تەواوی نەزانرا ئەو تەقانەی دەكرا چەكدارانی داعش بوون یان گەنجی شارەكە بوون.

ئەو ئەفسەرە زیاتر گوتی، ماوەیەكە گرووپە چەكدارەكان دەستیان بەجموجۆڵ كردووە و لە ماوەی 48 سەعاتی رابردووەوە تا ئێستە، شەش گولە ئارپێچیان ئاراستەی هێزەكانی پۆلیس و فرقەی ئاڵتوونی كردووە، بۆیە بەهۆی نەبوونی سەلامەتی خەڵكی كوردنشین لەو گەڕەكانە دەستیان بە چۆڵكردن كردووە، هەروەها ئێمە ڕێگریمان كردووە لە بازگەی چیمەن لەو چۆڵكردنەی كەركووك هەیە و خەڵكی ترساون.

بە گوێرەی دوا ئامار كە دەست "وشە" كەوتووە، لە هەفتەی ڕابردوودا 39 كەس لە پۆلیس و حەشد لەگەڵ 10 هاووڵاتی كوژراون و ڕفاندنی پێنج هاووڵاتی تر كە چارەنووسیان نادیارە، هەروەها بڕیار وایە ئەمڕۆ ئێوارە ڕێگەی كەركووك ڕەشاد و ڕێگەی ڕیاز دابخرێت و تەنیا ڕێگەی سەرەكی نەبێت بۆ هاتوچۆ سەرجەم ڕێگە لاوەكییەكان دادەخرێن.

دوای خیانەتی 16ـی ئۆكۆتبەری باڵێكی سەربازی یەكێتی دۆخی تەناهی شاری كەركووك و سنوورەكە بە تەواوی تێكچووە بە جۆرێك شەوانە دەنگی تەقینەوە و شەڕە تەقە هاووڵاتییانی كەركووكی بەتەواوی بێزار كردووە شەوانەش چەكدارانی داعش لە سنوورەكە جمجۆڵی دەكەن و لە هەفتەی ڕابردوویش 27 چەكداری حەشدیان گرتوو كوشتوویانن لەم سنوورە.

بەگوێرەی بەڵگەنامە مێژووییەكان كەركووك شارێكی كوردستانییە و دڕندەترین رژێمی عێراقیش لە رێككەوتنامەی 11ی ئاداری 1970 دانی بەوەدا نا، دواتر لە 1974 پاشگەز بووەوە، كورد شۆڕشی ئەیلوولی كرد بە قوربانی لەپێناو كەركووك.

 لە 2003 و كەوتنی سەدام. كورد و ئەمەریكا كەركووكیان ئازاد كرد و ئاڵای كوردستان لە دیوار و سەر باڵەخانەكانی ئەو شارە هەڵدرا. دواتر لە 2005 وەك ناوچەی كێشە لەسەری نێوان كوردستان و عێراق مادەی 140ی بۆ دانرا. بەڵام جێبەجێ نەكراوە. ئاڵای كوردستان جگە لە فەرمانگەكانی حكوومەتی، لەسەر هەموو بارەگاكانی حزب و دەزگاكانی سەربە كوردستان دەشەكایەوە لە 2003ـەوە، هێزی پێشمەرگە لە 2014 و هاتنی داعشەوە ئاڵاكەی بردە باشووری كەركووك و خۆی كرد بە خاوەنی پاراستنی شارەكە.

 رۆژی 28ی ئادار/مارسی 2017یش ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەنگی دا لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگەكانی حكوومەت، بەڵام عەرەب و توركمان لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار نەبوون.



وشە - رامیار جەواد