مووچەی بەشێكی تری پێشمەرگە دابەش دەكرێت

:: PM:07:12:24/02/2018 ‌

بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگە ئاگەدار كراونەتەوە كە رۆژی دووشەمی داهاتوو مووچەی بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگە دابەش دەكرێت و ڕەنگە لەو هەفتەیەش كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە بێت.

ئەمڕۆ شەموو 24ـی شوبات، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست "وشە" كەوتووە تیایدا هاتووە، ڕۆژی دووشەم مووچەی هێزی پاراستنی هەولێر و هێزەكانی پشتیوانی دابەش دەكرێت.

بە گوێرەی زانیارییەكان، ڕۆژی دووشەم ڕێكەوتی ٢٦/٢ وادەی دابەشكردنی مووچەی كادیر و پێشمەرگەكانی هێزی پاراستنی هەولێر و هێزی پشتیوانییە و ئاگەدار كراونەتەوە كە سەعات نۆی بەیانی ئامادەبن بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان و دەبێت مووچەخۆر هەڵگری پێناسەیەكی ناسراوی تایبەت بە خۆی بێت.

لە لێدوانێكی ئەمڕۆ جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕە پارەیەك لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ پێشمەرگە تەرخان كراوە، بەڵام ئەگەر پارەكە هاتبێت، دێت بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەو پارەیەی ئەمەریكاش وەك هاوكارییە.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان گوتی، لە بودجەی ساڵی 2018ـی ئەمەریكا بڕی 365 ملیۆن دۆلاری دابین كردووە بۆ پێشمەرگە ئەو پارەیە ڕاستەوخۆ نایەتە هەرێمی كوردستان، بەڵكو مانگانە دێتە ناردن.

دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و تا ئێستە تەنیا هێزەكانی زێرەڤانی و لیواكان مووچەی مانگی 10ـی ساڵێ‌ ڕابردوو و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازیش مووچەی مانگی حوزەیرانی رابردوویان وەرنەگرتووە.



وشە - رامیار جەواد