كۆسرەت ڕەسوڵ بە توندی وەڵامی هێرۆ برایم دەداتەوە

:: PM:07:55:24/02/2018 ‌

كۆسرەت رەسوِل، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان وەڵامی نامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هاوسەری مام جەلال دەداتەوە و دەڵێت، نامەكەت زیاتر بۆ بڵاوكردنەوە نووسراوە، بۆ كەڵەكەكردنی تۆمەت و پڕوپاگەندەی دەستەگەری و ململانێی نابەجێی ناو یەكێتی نووسراوە، نەك بۆ چارەسەركردنی وەزعی پەرێشانی یەكێتی و جەماوەری گەلەكەمان.

ئەمڕۆ شەموو 24تی شوبات، كۆسرەت رەسول، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان وەڵامی نامەكەی هێرۆ دەداتەوە و دەڵێت، بەداخەوە تۆ خۆت و كەسوكارەكەت بەبێ گوێدانە مێژووی یەكێتی و بەبێ حیسابكردن بۆ پێگەی مام جەلال و خەباتی هاوڕێكانی بە رێككەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ ئەملا و ئەولادا یەكێتیتان دووچاری كۆمەڵێك هەڵەی سیاسی حیزبی و نەتەوەیی كردووەتەوە، ئیحراجییەكی مێژوویی یەكجار گەورەشتان لەبەردەم خەڵك و جەماوەرەكەیدا بۆ دروست كردووە.

جێگری یەكەمی یەكێتی دەڵێت، ناكەكە بۆ كەڵەكەكردنی تۆمەت و پڕوپاگەندەی دەستەگەری و ململانێی نابەجێی ناو یەكێتی نووسراوە، نەك بۆ چارەسەركردنی وەزعی پەرێشانی یەكێتی و جەماوەری گەلەكەمان.

كۆسرەت لە وەڵامی هێرۆ دەڵێت، من لەگەڵ كۆنگرەم، بەڵام ئەو كۆنگرەیەی كە ڕا و سەرنجی خۆم دەڵێم چ كۆنگرەیەك بێت.

لە نامەیەكی پێشووی هاوسەری سكرتێری كۆچكردووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نامەیەك ئاراستەی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی دەكات و بە زمانێكی "هەڕەشە ئامێز" دووپات لەوە دەكاتەوە كە "پێویستە تا یەكشەم كۆبوونەوەی سەركردایەتیی ئەنجام بدرێ و ڕۆژی كۆنگرە ڕابگەیەنرێت.

لە نامەكەی هێرۆ برایم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و هاوسەری سكرتێری كۆچكردووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هاتووە، ئەنجام نەدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بۆ بڕیاردان لە چەسپاندنی ڕۆژی كۆنگرە، بووەتە مایەی نیگەرانی خۆم و هەموو جەماوەری یەكێتی، بۆ دواجار وەك خوشكێك داوات لێ دەكەم، بە زووترین كات  ئەو كۆبوونەوەیە ساز بكەیت، بۆ ئەوەی جەماوەری یەكێتی لەم دڵەڕاوكێ و چاوەڕوانییە نەجاتی بێت.

لە بەشێكی تری نامەكەدا هاتووە، ئەوە بە تەنیا داواكاری من نییە، بەڵكوو هی هەموو ئۆرگان و مەكتەب و كادر و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتییە، هیوادارم كە بەرپرسیاریەتی سەرشانی خۆت بە ئەمانەتەوە جێبەجێ بكەیت، بۆ ئەوەی ناوت وەك هەڵوەرێنەری چەپكە گوڵەكەی مام و یەكێتی نەچێتە لاپەڕەكانی مێژووەوە.

لە كۆتایی نامەكە هێرۆ برایم ئەحمەد بە زمانی "هەڕەشە و فەرمانكردن" بە كۆسرەت ڕەسوول نووسیویەتی، پێویستە تا یەكشەم 25ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەنجام بدرێت و ڕۆژی بەستنی كۆنگرە بە فەرمی ڕابگەیەنرێت، ئەگەرنا ڕووبەڕووی بەرپرسیاریەتی مێژوویی دەبنەوە.

ئەو نامەیەی هێرۆ برایم ئەحمەد لە كاتێكدایە، تۆمەتی هەڵوەرێنەری چەپكە گوڵی مام دەخاتە پاڵ كۆسرەت ڕەسوول و بەناوی هەموو ئۆرگان و مەكتەب و كادر و ئەندامانی یەكێتی قسە دەكات و نامە و پەیامی ئاراستەی كۆسرەت ڕەسووڵی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووە.







وشە - رامیار جەواد