كەمال كەركووكی: وەك پێشمەرگە لەم هەفتەدا رێگەی هەولێر- كەركووك دەكەینەوە

:: PM:09:20:24/02/2018 ‌

فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات كە پێشبینی دەكرێت لەم هەفتەیە كارەكان تەواو بێت و وەك پێشمەرگە رێگەی هەولێر- كەركووك بكەینەوە، ئێستەیش هێزەكانی پێشمەرگە خەریكی چاككردنی سەنگەرەكانن بۆ ئەوەی رێگەكە بەباشی پارێزراو بێت و هیچ ئاستەنگێك بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست نەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 24ـی شوبات، كەمال كەركووكی، بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك و فەرماندەی پێشمەرگە لە سنوورەكە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەكو پێشمەرگەی كوردستان ئێستە خەریكی ئامادەكارین بۆ ئەوەی ئەو سەنگەرانەی پێشمەرگە لە سنوورەكەن رێكیان بخەینەوە.

ئەو فەرماندەیی پێشمەرگە دەڵێت، پێشبینی دەكرێت لە ئەو هەفتەیە كارەكان تەواو بێت و وەكو پێشمەرگە ڕێگەكە دەكەینەوە. ئاشكرای كرد سەنگەرەكانمان ڕێك دەخەینەوە و ئەو شوێنانەی كە سەنگەری پێشمەرگەی لێ‌ دەبێت هەم ناوچەكە دەپارێزێت و هەم ئازادی هاتوچۆی هاووڵاتییان دابین دەكات.

كەركووكی زیاتر گوتی، وەكو پارتی و پێشمەرگە و بە تایبەتی سەرۆك بارزانی، بەردەوام لە بیری هاووڵاتییان بووین و دەبین كە كارئاسانیان بۆ بكرێ و پارێزراو دڵخۆش بن و لە هەمان كاتیشدا لە هەمو روویەكەوە ئامادەبین بۆ هەر ڕووداوێكی نەخوازراو روو لە پایتەختی هەریمی كوردستان بكات، هەروەها لە پێنجشەمی هەفتەی رابردوو لە دانیشتنێك بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی بڕیاری كردنەوەی رێگەكە درا و پێشمەرگەیش بەوپەڕی وریایی لە ئەركی پیرۆزی خۆیان بەردەوام دەبن.

دوای هێرشەكانی حەشدی شەعبی لەپاش خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری باڵێكی سەربازی یەكێتی لە نزیك شارۆكەی پردێ‌ پێشمەرگە ڕووبەڕووی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بوونەوە و ئەو ڕێگە داخرا.



وشە - رامیار جەواد