بارزانی و كارته‌ر له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگیی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق گفتوگۆیان كرد

:: PM:11:01:22/11/2016 ‌

لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی ئەمەریكا ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ تاوتوێ كرا و پشتگیریی له‌ هه‌ماهه‌نگیی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق باس كرا.

به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، ئێوارەی ئه‌مڕۆ سێشەم "ئاشتن كارتەر" وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندی بە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد و تێیدا وەزیری بەرگریی ئەمەریكا خۆشحاڵی و پیرۆزبایی خۆی بە بارزانی ڕاگەیاند، بەبۆنەی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. 

هەروەها پێزانینیشی بۆ ئاستی باشی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەبوو لە شەڕی تیرۆریستاندا.

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌: هەر لەم پێوەندییەدا هەردوولا جەختیان لە بایەخ و گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عێراق بە تایبەت لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق كردەوە.

لە بەشێكی تری ئەم پێوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پلانی ئازادكردنی مووسڵ و دەرووبەری ئاڵۆگۆڕ كرد و قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنەكە هەتا ئێسته‌ بە سەركەوتوو وەسف كرا.

هەر لەم پێوەندییە تەلەفۆنییەدا بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی تیرۆردا پشتیوانی پێشمەرگە بوونە و هیوای سەركەوتنی یەكجارەكی لە بەرانبەر تیرۆریستان خواست.


وشە - كوردۆ شابان