رێكەوتێكی سەیری نێوان ریال مەدرید و بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا

:: AM:11:06:26/02/2018 ‌

هەردوو گەورە یانەی ئیسپانی لە دوایین یارییاندا لە خولی ئیسپانیا سەركەوتنی گەورەیان بەسەر یانەكانی دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس و گیرۆنا بەدەستهێنا.

یانەی ریال مەدرید پێرێ شەموو لە گەڕی 25ی خولی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە 4 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی ئەلاڤێسی بردەوە، یانەی بەرشەلۆنەش لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە یاریی دێربی كەتەلۆنیا بە ئەنجامی 6-1 گۆڵ لە یانەی گیرۆنای بردەوە.

هەردوو یانەكە بەم سەركەوتنە گەورەیە ئێستا لە مێژووی خولی ئیسپانیا لەرووی ئەنجامدانی یاری و جیاوازی گۆڵەوە وەك یەك و یەكسانن.

یانەی ریال مەدرید تا ئێستا 2787 یاریی لە مێژووی خولی ئیسپانیا ئەنجامداوە، 6009 گۆڵی تۆمار كردووە و 3167 گۆڵیشی لێ كراوە، واتە جیاوازی گۆڵەكانیان برێتییە لە 2842 گۆڵ.

یانەی بەرشەلۆنەش بەهەمانشێوە تا ئێستا 2787 یاریی لە خولەكە ئەنجامداوە و 5968 گۆڵی تۆمار كردووە و 3126 گۆڵیشی لێ كراوە، واتە ئەویش جیاوازی گۆڵەكانیان برێتییە لە 2842 گۆڵ.

واتە هەردوو یانەكە لە رووی ئەنجامدانی یاری و جیاوازی گۆڵەكانیان لە مێژووی خولی ئیسپانیا هاوتان و جیاوازییان نییە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م