ئەردۆغان بۆ عەبادی: سنووری خۆت بزانە

:: PM:03:38:11/10/2016 ‌
سەرۆكی توركیا هەڕەشە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات و داوای لێ دەكات كە سنووری خۆی بزانێ.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، لە كۆبوونەوەی سەركردە ئیسلامییەكان كە لە شاری ئیستەنبوڵ بەڕێوە دەچێت، گوتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا بە زمانێكی هەڕەشەئامێزەوە پەیام بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەنێرێ و پێی دەڵێ: سنووری خۆت بزانە، سوپای توركیا بە فەرمانی تۆ ناجووڵێتەوە، دەبێ بزانی تۆ كێیت و ئێمە كێین، هەوڵ مەدە سووكایەتیمان پێ بكەی.

سەرۆكی توركیا هەر لەم گوتارەی كە ئەمڕۆ سێشەم پێشكەشی كرد، زیاتر گوتی: پێشتر خۆتان داواتان لێ كردین بچینە "باشیك" و ئێستە پێمان دەڵێن بڕۆن.

پێشتر سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی ئاشكرا كردبوو كە دوای بە ئاگاداریی و ڕەزامەندیی وەزیری بەرگری و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، دوو بنكەی مەشق و ڕاهێنان لە "دووبەردان" و "باشیك" لە نزیك شاری مووسڵ كرانەوە، ئەویش بەمەبەستی مەشق و ڕاهێنان بە پۆلیس و هێزە خۆبەخشەكانی پارێزگای نەینەوا، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاسانكاری بۆ ئەو پرۆسەیە كردووە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، چەند جارێك لێدوانی دژ بەیەك لەلایەن هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و توركیا درا، لە دوایین جار بینالی یڵدرم، سەرۆك وەزیرانی توركیا بە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی گوت: هەروەها دەپرسێ، بۆچی  هەموو وڵاتانی دنیا لە عێراق شەڕی تیرۆر دەكەن، كێشەیان لەگەڵ سوپای توركیایە؟ و دەڵێ: قسەكانی عەبادی بێزاركەرن و مەترسیدارن، دەزانین چی هەیە و بەرپرسانی عێراق بۆ ئەو لێدوانانە دەدەن، ئێمە لەكاتی خۆیدا ئاشكرا دەكەین.

ئەو هێزەی سوپای توركیا لە سەربازگەی "زەلكان" لە نزیش شارەدێی "بەعشیقە" جێگیر بوون، پەرلەمانی توركیایش بە زۆرینەی دەنگ، بڕیاری لەسەر مانەوەی هێزەكانیان دا، ئەمەش لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بە پێشێلكاری ناو برا و داوایان لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد كە هۆشدارییان بداتێ.

وشە/ كوردۆ شابان


وشە - كوردۆ شابان