"میسی مرۆڤ نییە و پێویستە یاریی تۆپی پێی لێ قەدەغە بكرێ"

:: AM:10:09:28/02/2018 ‌

كارلۆس كیرۆشی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی پورتوگال و ئێستای هەڵبژاردەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا چەند جیاوازییەكی نێوان لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی و كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی خستەڕوو.

كیرۆش كە ئێستا راهێنەری هەڵبژاردەی ئێرانە و بەشداری لە مۆندیالی 2018ی رووسیا دەكات، بۆ ماڵپەڕی یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) رایگەیاند: میسی هەرگیز كەسێكی ئاسایی نییە و پێویستە یاریی تۆپی پێی لێ قەدەغە بكرێ، چونكە بەڕاستی ئەو جیاوازی هەیە لەگەڵ سەرجەم یاریزانانی جیهان.

زیاتر گوتی: بەڕاستی میسی مرۆڤ نییە، ئەو سیحربازی لە تۆپی پێدا دەكات، تەنانەت ئەگەر بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش بدۆڕێی ناشێ بەو شێوازە دڵخۆش نەبیت كە میسی یاری پێ دەكات.

راهێنەرەكەی پێشووی هەڵبژاردەی پورتوگال هەروەها رایگەیاند: پێویستە فیفا پشكنینی پزیشكی بۆ میسی بكات تا دڵنیابێتەوە مرۆڤە یان نا، تەنانەت ئەگەر بۆشی روون بووەوە نابێت رێگەی پێ بدات یاریی تۆپی پێ بكات.

لەبارەی رۆناڵدۆش، كڕۆش رایگەیاند: نكۆڵیش لەوە ناكرێ رۆناڵدۆ باشترین یاریزانی جیهان بووە، بێگومان دڵخۆشیش دەبم ئەگەر لەگەڵ هەڵبژاردە نوێیەكەمدا رووبەڕووی یاریزانێكی ئاوا ببمەوە.

هەڵبژاردەی ئێران یەكێكە لەو هەڵبژاردانەی پارزەوینی ئاسیا كە خۆی گەیاندووەتە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا و لە قورسترین كۆمەڵەدا كە كۆمەڵەی سێیەمە لەگەڵ هەڵبژاردەكانی ئیسپانیا، پورتوگال و مەغریب یاری دەكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م