ئاواره‌كانی عێراق برسیانه‌ و به‌غدا پاره‌ له‌ شیعه‌كانی ئێران خه‌رج ده‌كا

:: PM:12:28:23/11/2016 ‌

رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و کۆچبەران رای گەیاندووە، ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراق لەدوای هەڵمەتی ئازادکردنەوەی مووسڵ یەک ملیۆن زیادی کردووە و 540 هەزار لەو ئاوارانە  رووبەڕووی کەمخۆراکی و تەنگژە بوونەتەوە، لەکاتێکدا حکوومەتی عێراق لەسەر خەرجی خۆی و بەبێ پاسپۆرت دەرگای بۆ شیعەکانی ئێران کردووەتەوە و بێ بەرامبەر دەیانگوازێتەوە کەربەلا و خۆراک و جێگەیان بۆ دابین دەکات.

لەگەڵ دەست پێ کردنی هەڵمەتی رزگارکردنەوەی موسڵ ژمارەی ئاوارە عێراقییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو رووی لە هەڵکشاندن کرد و رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە ئامارێکدا ئاشکرای کرد لە 17ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبرەوە تا ئێستە یەک ملیۆن هاووڵاتی ئەو پارێزگایە ئاوارەی شوێنەکانی تری عێراق بوون و لە دۆخێکی قورسدا ژیان بەڕێ دەکەن، ئەوەیش وای کردووە لە دوای سووریا عێراق دووەم وڵاتی جیهان بێت کە زیاترین ئاوارەی ناوخۆیی تێدایە.

ئەو رێکخراوە نایشارێتەوە کە زیاتر لە چوار ملیۆن و 200 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی لە عێراق هەن کە بەهۆی شەڕەوە ناوچەکانیان جێ هێشتووە و بەرەو شوێنەکانی تری ئەو وڵاتە کۆچیان کردووە، زۆربەی ئەو ئاوارانە رۆژانە رووبەڕووی کەمی خۆراک و شیری منداڵەکانیان دەبنەوە و ژیانێکی قورس بەڕێ دەکەن.



ئەمساڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی ئاماری هاووڵاتییانی خۆی راگەیاند کە بۆ چلەی ماتەمینی ئیمامی سێیەمی شیعە روویان لە کەربەلا کردووە و ئەو ژمارەیەی بە سەرووی دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس مەزەندە کردووە و رای گەیاندووە، حکوومەتی عێراق خزمەتگوزاری و گواستنەوەی خۆڕایی بۆ سەرجەم ئەو شیعە ئێرانیانە دەستەبەر کردووە.

ئەوە لەکاتێکدایە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند کۆبوونەوەیەکی لەبارەی چۆنیەتی کۆکردنەوەی یارمەتی و دەربازکردنی ئاوارەکانی شەری عێراق لە تەنگژەی خۆراک ئەنجام داوە. هاوکات رۆژانە لە کەناڵەکانی راگەیاندن دیمەنە دڵتەزێنەکانی ئاوارەکانی مووسڵ بڵێ‌و دەکرێتەوە کە بە چ شێوەیەک برسێتی و سەرما بڕستی لێ بڕیون.

لە رێکەوتی 14ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ر، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆی کوردستان ئامارێکی بڵاو کردەوە کە تیایدا ئاماژە بە بەرزبوونەوەی رێژەی ئاوارەکانی شه‌ڕی مووسڵ و کەمی پێداویستە خۆراکییەکانی وەک شیری منداڵ كرد، بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتە هاوکات بوو لەگەڵ ئامادەکارییەکانی بەغدا بۆ کارئاسانی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە و نیشتێجێکردنی سەردانکەرانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن.



لە بڵاوکراوەکەی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان کۆمەڵێک پێداویستی سەرەتایی و مرۆیی ریز کرابوون و بانگەوازی بۆ کۆکردنەوەیان و گەیاندنیان بەو ئاوارانە کرابوو کە بەهۆی كرده‌وه‌گه‌لی مووسڵەوە ماڵوحاڵیان جێ هێشتووە و زیاتر لە 95%یان ڕوویان له‌ کوردستان كردووە.

گرنگترینی ئەو پێداویستیانەی لە بانگەوازەکەی وەزارەتی ناوخۆدا ئاماژەی پێ درابوو، "دابینكردنی خواردن بە شێوەیەكی بەردەوام، بەتایبەتی خواردنی منداڵان و شیر و بسكویت و سریلاك و... هتد.

رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی حوسێن لە کەربەلا ئەمساڵ گرنگییەکی سیاسیی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران هەبوو، بەڵام کۆی خەرجییەکانی کەوتە سەرشانی حکوومەتی ناوەندی عێراق کە سەرباری شەڕ و هەڵکشانی ئاوارە ناوخۆییەکانی، تووشی تەنگژەی دارایی هاتووە.



گرنگی بەڕێوەچوونی چلەی ماتەمینی ئەمساڵی شیعە لە کەربەلا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لەوەدابوو نمایشی هێزی ئایدۆلۆژییای "ئیسلامی شیعە" لە بەرامبەر سعوودیه‌ بکات، گرژی نێوان هەردوو وڵات لە دوای ئیمزاکردنی رێکكەوتنە ناوکییەکەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی 5+1دەستی پێ کرد.


دەست پێ كردنی شەڕی راستەوخۆی ئێران و سعوودیە بۆ لە سێدارەدانی "شێخ نەمر باقر نەمر" مەرجەعی شیعەكانی سعوودیە لە ٢ی كانوونی دووەم/یه‌نایه‌ری ٢٠١٦ دەگەڕێتەوە كە وەك سعوودیە رای گەیاند، "بەهۆی ئەندامبوون لە گرووپە تیرۆریستییەكان" لە سێدارە درا. لایەنگرانی سوپای پاسدارانی ئێران وەك ناڕەزایی دەربڕینێك بۆ ئەو رووداوە، هێرشیان كردە سەر باڵوێزخانەی سعوودیە لە تاران و دوای تاڵانكردنی كەلوپەلەكان، باڵەخانەكەیان ئاگر تێبەر دا

لە دوای ئاگر تێبەردانی باڵوێزخانه‌ی سعوودیە لە تاران، ریاز رێگەی نەدا بۆ بەجێگەیاندنی حەجی ئەمساڵ هاووڵاتیانی ئێران بچنە ناو خاكەكەیەوە و كۆمەڵێك یاسا و رێوشوێنی توندیان لە بەرامبەر گەشتیارانی ئێرانی گرتە بەر كە ئەوەیش وای كرد ئێران بە هاووڵاتییانی رابگەیەنێت بۆ پاراستنی خۆیان، سەردانی سعوودیە نەكەن.



ئێران مەبەستی بوو رێوڕەسمی ئەمساڵی چلەی ماتەمین لە کەربەلا بە شێوەیەک بەڕێوە  ببات کە زیاد لە 20 ملیۆن شیعە تیایدا بەشدار ببن و لەو رێگەیەوە پەیامێک بگەیەنیت بە مەکكە کە ئەوان دەتوانن لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە ئەلته‌رناتیڤ  و شوێنگراه‌وه‌ بۆ پیرۆزییەکانی ئیسلام دابنێن، به‌وهۆیه‌وه‌ ئێران ئەو ئامانجە سیاسییەی له‌ چله‌ی ماته‌مینی ئیمام حوسێن له‌مساڵدا پێكا و عێراقیش ته‌واوی پاره‌كه‌ی بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ سیاسییه‌ی ئێران دابین كرد.


وشە - هیدایه‌ت جان