بەردەوامبوونی بایكۆت و فشاری مامۆستایانی سەر بە یەكێتی و گۆڕان و ئیسلامییەكان وای كردووە لە سنووری ئیدارەی گەرمیانەوە خەڵکێک لە پێناو نەفەوتاندنی چارەنووسی ساڵێکی خوێندنی منداڵەکانیان روو لە هەولێر بکەن.
پشتیوان محەمەد، بەرپرسی لقی گەرمیانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە رێگەی ئەندامانی لقەكەیانەوە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەهۆكاری ئەوەی مەترسی لەسەر چارەنووسی منداڵەكانیان هەیە، ئاگادار کراونەتەوە کە هەندێك ماڵ لە شارۆكەی كفری باریان كردووە.
ئەو گوتیشی زیاتر لە 15 ماڵ كە ژمارەی قوتابیانیان دەگاتە 40 قوتابی، لەماوەی بایکۆتکردنی خوێندن لە سنووری کفرییەوە باریان کردووە و روویان لە هەولێر کردووە.
بەرپرسی لقی گەرمیانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، دەڵێت "ئێمە وەك رێكخراوێكی تایبەت بە قوتابیان، هەوڵەكانمان چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی دەوام دەست پێبكات و رێگە بگرین لە شەپۆلی باركردنی هاووڵاتیان بۆ شارەکانی تر."
هاوکات، بەرێوەبەرانی پەروەردەكانی كەلار و كفری و گەرمیان باسیان لەوە کردووە کە ئەوان ئەو دەسەڵاتەیان نییە مامۆستایان بگەرێننەوە هۆڵەکانی خوێندن هەرچەند دەزانن چارەنووسی پرۆسەكە لە مەترسیدایە.
لە لایەکی ترەوە قادر ئیسماعیل بەڕێوەبەری پەروەردەی شارۆكەی كفری، بۆ " وشە" گوتی بەدواداچوونی ئەو رێكخراوە راستە و ئەو ماڵانە لە كفری باریان كردووە .
ئەو گوتیشی ، جگە لە شارۆكەی كفری لە شارەدێی زینانەی سەربەكفریش چەند قوتابییەكی پۆلی 12ی ئامادەی بە ماڵەوە باریان كردووە بۆ دوزخورماتوو، كەركوك و هەولێر .
بە گوتەی شارەزایانی بواری پەروەردە و باوكان و دایكانی قوتابیان و خودی قوتابیان، ماوەی نزیكەی دوو مانگە بە فشاری مامۆستایانی یەكێتی و گۆڕان و لایەنە ئیسلامییەكان پرۆسەی پەروەردە و فێركردنیان ئیفلیج کردووە و بۆیەش دانیشتووانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەو لایەنانە حەز دەکەن روو لەو ناوچانە بکەن کە خوێندن تیایدا بایکۆت نەکراوە.
گەرمیان /سەبری هۆرینی