كێ كۆنترۆلی گەشتیاری ئاینی لە عێراق دەكات؟

:: PM:01:52:23/11/2016 ‌

گەشتیاری لە بنەما سەرەكییەكانی پەرەپێدانی بەردەوامە، هەموو وڵاتێك هەوڵ دەدات بۆ پەرەپێدانێكی پاك دوور لە پیسكردنی ژینگە، ئەوەش لە گەشتیاری ئاینییەوە بەدی دێت، بۆیە زۆرینەی ئەو وڵاتانەی كە شوێن و شوێنەواری ئاینیان هەیە سوود لەو جۆرە گەشتەوەرییە دەبینن بۆ پەرەپێدانی ئابوورییان وەك سعوودیە و عێراق.

ئەو جۆرە گەشتیارییە ئەگەر هاتوو وەك پێویست سوودی لێ ببینرێت و دەبێتە مایەی پەرەسەندنی ئابووریان و نەهێشتنی بێكاری و بەگەڕخستنی كەرتەكانی گواستنەوە و چێشتخانە و هوتێل و پیشەسازی كولتووری، بۆیە وەرزی حەج و عەمرەی سعوودیە و شوێنە پیرۆزەكانی شیعە لە عێراق دوو نموونەی زەقی ئەو بوارەن.

شارەزایان دەڵێن كە وەرزی حەج بۆ هەموو كەرتە ئابوورییەكانی سعوودیە سەرچاوەیەكی گەورەی داهاتە، بۆ نموونە لە 2012 داهاتەكەی لە حەج و عەمرە گەیشتە 62 ملیار ریالی سعوودیایی (16.5 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی) و بەپێی گۆڤاری "ئیكۆنۆمیست"ی بەریتانیایی ئەو بڕە پارە دەكاتە 3%ی كۆی داهاتی ناوەخۆیی ئەو وڵاتە.

بەپێی راپۆرتێكی زانكۆی "ئوم ئەلقورا"ی سعوودی نادییە باعشن شارەزای ئابووری دەڵێت كە ئەگەر هاتوو بەجوانی سوود لەو داهاتەی حەج و عەمرە لە سعوودیە وەربگیرێت، ئەوە داهاتەكەی دەگاتە ئاستی داهاتی فرۆشتنی نەوت، هەر بۆیەش سعوودیە پلانی داناوە بۆ 2030 كە ئەو سەرچاوەی داهاتە بكاتە بنەمای بودجەی سعوودیە لە بری نەوت و هەڵبەز و دابەزەكانی. 

هەرچی عێراقە هەموو بنەماكانی ئەو جۆرە گەشتەوەرییەی تیادایە بەتایبەتی بۆ شیعەكان، كە شاری كەربەلا بۆ ئەوان سەرچاوەیەكی گەشتیارییە و ساڵانە و بە ملیۆنان لە هەموو لایەكی دنیا رووی تێ دەكەن و ئەوەش كاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری عێراق و سەرچاوەی داهاتەكەی دەبێت.

لە عێراق رۆژانە 1500 تا دوو هەزار گەشتیار هەیە و زۆرینەیان لە ئێرانن، بەڵام ئەگەر دۆخەكەی سەقامگیر بێت ئەو ژمارە بۆ حەوت هەزار تا 10 هەزار زیاد دەكات، بێجگە لە ژمارەی ساڵانەی گەشتیاران لە بۆنە سەرەكییەكانی وەك عاشوورا و چڵەی ئیمام حوسێن.

لە بارەی گەشتیاری ئاینی لە عێراق چەند راستییەك تا ئێستە بەشاراوەیی ماوەتەوە، ئەوەش دوای فەتوای عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران بە گۆڕینی ئاراستەی حەجكردنی ئێرانییەكان لە مەكەوە بۆ كەربەلا بۆ ئەمساڵ بەپاساوی كۆت و بەندەكانی سعوودیە بۆی دیاری كردوون، كە ئەوەش ئابووری عێراق دەگەشەێنێتەوە، بەڵام جیاوازییەك هەیە لە نێوان ژمارەی گەشتیاران كە عێراق رای دەگەیەنێ لەگەڵ ئەوەی ئێران دەیڵێت، بێجگە لە نادیاری داهاتی ئەو گەشتیارییە.

هاوكات لەگەڵ كردنەوەی چەندان دەروازەی سنووری لە نێوان عێراق و ئێران بۆ هاتنی ئەو گەشتیارانە، بەڵام تا ئێستە ژمارەیەكیان بە قاچاغ ئاودیو دەبن، ئەوەش وای كردووە كە ژمارەیەك لە قاچاغچیانی مادەی هۆشبەر و قەدەغەكراو بۆ عێراق بێنن، سەرەڕای هاتنی ژمارەیەكی زۆر ئێرانی و بیانی لەو رێگەوە بۆ عێراق و مانەوەیان و كاركردنیان بە نرخێكی كەمتر لە كرێكاری عێراقی. 

بەدەر لەوە خاوەن هوتێلەكانی كەربەلا دەستەی حەج و سەردانیكردنی ئێران بەوە تۆمەتبار دەكەن كە كۆمپانیاكانی ئێران كۆنترۆلی كەربەلایان كردووە و ئەوان مەرجی سەختیان بۆ داناون بۆ پێشوازیكردن لە سەردانیكارانی ئێرانی، بۆیە ئێران هەوڵ دەدات لە رێگەی كۆمپانیاكانی كۆنترۆڵی بازاڕی شوێنە پیرۆزەكانی عێراق بكات و سوودە ئابوورییەكەی بۆخۆی بێت و بەوەش زیانی گەورە بەر ئابووری عێراق دەكەوێت.

شارەزایان دەڵێن كە لە بەرامبەر سعوودیە و گەشتیارییە ئاینییەكەی و سوودە ئابوورییەكانی، ئێران هەوڵی كۆنترۆلكردنی گەشتیاری ئاینی لە عێراق دەدات كە سەرچاوەی داهاتێكی گەورەی ئابوورییە و كێبەركێی داهاتی نەوت دەكات.

 بۆ نموونە كۆمپانیایەكی ئێرانی هەیە بەناوی "شەمسا" كە كۆنترۆڵی هەموو شتێكی پێوەست بە هاتنی رۆژانەی دوو هەزار و 500 سەردانیكاری ئێرانی بۆ كەربەلا دەكات و بەپێی خاوەن هوتێلێكی عێراقی ئەو كۆمپانیایە زۆرینەی قازانجی هوتێلەكانی كەربەلا بۆخۆی دەبات كە لە بەرامبەر نووستن و سێ ژەم خواردن و خەرجی كارەبا و ئاو و شۆردنی جل و بەرگیان كۆمپانیاكە بۆ هەر سەدانیكارێك تەنیا 24 دۆلاریان پێ دەدات و هەر سێ مانگ جارێك پارەكە دەدرێت. 

بۆیە گەشتیاری ئاینی ئەگەر دۆخێكی گونجاو و هاندانی پێویست و پاڵپشتی هەبوو و بەیاسا پارێزرا وەك ئەوەی لە سعوودیە هەیە، رۆڵی گەورەی لە ئابووری عێراق و زیادكردنی سەرچاوەی داهات ئاستی پەرەپێدان دەبێت، جیا لە لابردنی پشتبەستنی بەتەواوەتی بە داهاتی نەوت و نەهێشتنی بێكاری و بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی هاووڵاتییانی.

سەرچاوە: رەوابیت


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل