ئەمەریکا: تاوانبارێکی ئێرانی بە گرتنی هەتا هەتایی سزا درا

:: PM:01:58:23/11/2016 ‌

هاوڵاتییەکی بەڕەگەز ئێرانی نیشتەجێی ئەمەریکا بە تاوانی کڕینی موشەکی دژە ئاسمانی و پارچەی یەدەگی فڕۆکەی سەربازی بۆ سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، سزا درا.

حکوومەتی ئەمەریکا لەناو تۆماری سزاکانیدا هەمو جۆرە بازرگانییەکی سەربازی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران قەدەغە کردووە و ئاژانسی رۆیتەرزیش ئاشکرای کردووە، هاوڵاتییەکی بەڕەگەز ئێرانی لە ئەمەریکا بە تاوانی پێشێلکردنی یاسای سزاکانی ئەمەریکا سزا دراوە.

زیاتر روون کراوەتەوە، رەزا ئولانگیان، هاوڵاتی بە رەگەز ئێرانی کە ماوەی 17 ساڵە رەگەزنامەی ئەمەریکای پێ دراوە، هەوڵی داوە موشەکی دژە ئاسمانی و پارچەی یەدەگی فڕۆکەی جەنگی بۆ سوپای پاسداران بکڕێت و لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیدا لەلایەن پۆلیسی ئەمەریکاوە گیراوە.

دادگەی منهاتن لە ویلایەتی نیۆیۆرکی ئەمەریکا رەزا ئولانگیانی بە پێشێلکردنی سەرجەم یاسا و رێساکانی پێوەست بە "یاسای سزاکانی ئەمەریکا" وەک تۆمەتبار ناو بردوە و ئەو تاوانبارە 56 ساڵانەی بە گرتنی هەتا هەتایی "لایەنی کەم 25 ساڵ گرتن" سزا داوە.

رەزا ئولانگیان ساڵی 1999 رەگەزنامەی ئەمەریکای وەرگرتووە و لە تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری ساڵی 2014 هەوڵی داوە پارچە یەدەگی فڕۆکەی سەربازی و موشەکی دژە ئاسمانی بۆ ئێران بکڕێت و بە قاچاغ رەوانەی ئەو وڵاتەی بکات، بەڵام لە ستۆنیا دەگیرێت و لە رێگەی ئینتەرپۆلەوە رادەستی ئەمەریکا دەکرێتەوە.

دادوەری کەیسی ئەو تاوانبارە ئێرانییە رای گەیاندووە، رەزا لە ستۆنیا مامەڵەی کڕینی 10 موشەکی دژە ئاسمانی پارچەی یەدەگی فڕۆکەی جەنگی داوە و لە کۆبونەوەی لەگەڵ بازرگانێکی تری چەک لەو وڵاتە ویستویەتی 200 موسەک بکڕێت.

سەرچاوە/ دویچەوێلە- دەنگی ئیسڕائیل


وشە - هیدایه‌ت جان