مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئیدانه‌ی تیرۆركردنی د.وشیار ئیسماعیل مامۆستای ئاینی شاری هه‌ولێری كرد و جه‌ختی كرده‌وه، كه شه‌هیدكردنی د.وشیار له ناخه‌وه نیگه‌رانی كردوون و به توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و كرده‌وه چه‌په‌ڵه ده‌كه‌ن و داواشی له ده‌زگه ته‌ناهییه‌كانی هه‌ولێر كردووه، هه‌رچی زووتره تاوانبارانی تیرۆركار به سزای خۆیان بگه‌یه‌نن.
له ڕاگه‌یه‌نرانه‌وه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتووه، هه‌واڵی دڵته‌زێنی شه‌هیدكردنی مامۆستای ئایینی و كه‌سایه‌تیی دیاری شاری هه‌ولێر، دكتۆر وشیار ئیسماعیل، له ناخه‌وه خه‌مبار و نیگه‌رانی كردین. شه‌هیدكردنی مامۆستا وشیار، كه له ناوه‌ندی ئایینی و سیاسیی هه‌ولێر و كوردستاندا، به میانڕه‌وی و نیشتمانپه‌روه‌ری ناسرابوو، تاوانێكی چه‌په‌ڵ و تیرۆرێكی دڵڕه‌شانه‌یه به‌مه‌به‌ستی تێكدانی كه‌شی ئارام و ته‌ناهی هه‌ولێر و، نانه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێ و پشێوی و تۆقاندنی ده‌نگه میانڕه‌و و نیشتمانپه‌روه‌ره‌كانه.
له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه هاتووه، ئێمه له پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌كاتێكدا هاوخه‌میی قووڵی خۆمان له‌گه‌ڵ برایانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و خانه‌واده و كه‌سوكار و خزمانی شه‌هیدی مه‌غدوور راده‌گه‌یه‌نین و خۆمان به خاوه‌نی پرسه و شه‌ریكی خه‌میان ده‌زانین، به‌توندی ئه‌و كرده‌وه چه‌په‌ڵه ئیدانه و ریسوا و شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین و داوامان له ده‌زگه پێوه‌نداره‌كانه و دڵنیایشین كه هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌ك ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ هه‌رچی زووتر دۆزینه‌وه‌ی تاوانبارانی تیرۆركار و به‌سزاگه‌یاندنیان.
له كۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتووه، سه‌قامگیریی پایته‌خت به‌م كاره چه‌په‌ڵ و ترسنۆكانه ناله‌رزێ و ئه‌نجامده‌رانیشی جگه له رووڕه‌شی و به‌سزاگه‌یشتن، هیچی دیكه ناچننه‌وه.