ژنێكی ته‌مه‌ن 24 ساڵ له شاری هه‌ولێر، دوای ئه‌وه‌ی به هاوسه‌رگیری كۆتای به پێوه‌ندییه خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی هێنا، توانای ژیانی له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه نه‌ما و لێی جیا بووه‌وه.
ئیلاف ناوی خوازراوی ئه‌و ژنه‌یه كه بۆ ماوه‌ی ساڵێك له پێوه‌ندی خۆشه‌ویستیدا بووه له‌گه‌ڵ فوئاد، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی پێش هاوسه‌رگیری ئه‌و كوڕه له‌گه‌ڵ كاتی هاوسه‌رگیریدا جیاواز بووه، ئیلاف نه‌یتوانیوه به‌رگه‌ی بگرێت و لێی جیا بووه‌ته‌وه، ئێسته كه‌یسه‌كه‌ی له دادگایه و چاوه‌ڕێیه به شێوه‌یه‌كی یاسایی لێی جیا بێته‌وه و به‌یه‌كجاری كۆتا به‌و ژیانه كورتخایه‌نه‌ی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی بهێنێت.
ئیلاف له‌باره‌ی ژیانی هاوسه‌رگیری و یه‌كترناسینی خۆی و فوئاد به "وشه"ی گوت: "له كۆمپانیایه‌ك كارم ده‌كرد، فوئادیش وه‌ك نوێنه‌ر "مه‌ندووبی" ئه‌و كۆمپانیایه كاری ده‌كرد، هه‌ر له سه‌ره‌تای یه‌كتر بینینمانه‌وه عاشقم بوو و داوای پێوه‌ندی لێ كردم، ئه‌وه‌نده پێداگری كرد تا منیش له كۆتادا ڕازی بووم، پێوه‌ندی خۆشه‌ویستییه‌كه‌مان تا ساڵێك به‌رده‌وام بوو".
له ماوه‌ی ئه‌مساڵه‌دا فوئاد به شێوه‌یه‌ك خۆی و خێزانه‌كه‌ی بۆ ئیلاف پێناسه كردووه، كه هیچ ڕێیه‌كی بۆ نه‌هێشتووه‌ته‌وه كه متمانه‌ی پێ نه‌كات و خۆشی نه‌وێت، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه باوه‌ڕی به هه‌موو قسه‌كانی كردووه و دڵنیا بووه له‌وه‌ی كه شووی پێ بكات، ده‌بێته خاوه‌نی خۆشترین ژیان و هه‌رگیز مه‌ینه‌تی نایه‌ته ڕێی.
به‌ڵام هه‌ر له كاتی دهزگیراندارییهوه شته‌كانی له‌به‌رچاو گۆڕا، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت سه‌یركردنی خه‌سووی له كاتی زێڕ هه‌ڵگرتن و ماڵ دروستكردندا ئاشكرابوو كه هه‌رگیز نابێته خاوه‌نی ئه‌و ژیانه‌ی به خه‌یاڵ دروستی كردبوو، بۆیه به ماڵه‌وه‌ی گوت كه دڵنیا نییه له‌وه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ فوئاد بكات، به‌ڵام خێزانه‌كه‌ی گوێیان لێی نه‌گرت.
ئێسته ئیلاف له‌و پێوه‌ندییه خۆشه‌ویستییه‌ی، هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی و ته‌نانه‌ت ناسینی فوئادیش په‌شیمانه، چونكه ڕه‌فتاره‌كانی فوئاد و مامه‌ڵه‌ی خێزانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئیلاف به‌و شێوه‌یه نه‌بوون كه پێشتر پێی گوترابوو.
ئیلاف ده‌ڵێت: "ڕاسته ماڵی جیام له قاتی سه‌ره‌وه‌ی خانووی ماڵی خه‌سووم بۆ كرابوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌سووم و خێزانه‌كه‌ی هێنده ڕه‌زیل بوون، ڕێیان نه‌ده‌دام به ئاسووده‌یی نانێك بۆ خۆمان ئاماده بكه‌م، ده‌بوو به‌رده‌وام لای ئه‌وان نان بخۆین".
ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ی ماڵی خه‌سووی به ته‌واوی ژیانیان له‌به‌رچاو ئیلاف قوڕس كردبوو، به‌تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی ده‌یبینی مێرده‌كه‌ی به‌رده‌وام گوێ له دایكی و خوشكه‌كانی ده‌گرێت و هیچ حیسابێك بۆ قسه و بۆچوونه‌كانی ئه‌م ناكات، ئه‌مه وای لێ كرد بیر له جیابوونه‌وه بكات، هه‌ردوو هه‌فته دوای گواستنه‌وه‌كه‌ی، ده‌ستی به جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی كرد.
ئیلاف پێی وایه، ئه‌گه‌ر هه‌فته‌یه‌ك زیاتر له‌و ماڵه‌دا بژیایه بێگومان شێت ده‌بوو، چونكه هه‌ستی به‌وه ده‌كرد كه ڕه‌فتاری ماڵی خه‌سووی جیاوازه و گومانی ده‌كرد ماوه‌یه‌كی تر بوختانیشی بۆ دروست بكه‌ن، بۆیه زوو خۆی له‌و شتانه ده‌رباز كرد و خۆشحاڵه به‌وه‌ی ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی فوئادی زوو بۆ ده‌ركه‌وتووه و ژیانی وێران نه‌كردووه.
وشه/ ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان