بۆ لێدان لە بارەگای حزبی دیموكرات
ڤیدیۆ..وەستا ڕەسووڵ لە 1996 پێشڕەوی پاسداران دەكات

:: PM:12:05:04/03/2018 ‌
لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی گرتەیەكی ڤیدیۆی بڵاو بووەتەوە، تێیدا بەرپرسانی قەرارگەی ڕەمەزان و هێزەكانی ئێران لە نزیك شارۆكەی كۆیە دەردەكەون، هاوكات پەیجەكان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بە چڕی ڤیدیۆكەیان بڵاو كردووەتەوە و یەكێك لەو كەسانەی پێشوازی لە ئێرانییەكان دەكات لەلایەن خەڵكەوە دەگوترێ "وەستا ڕەسووڵە" ئەو پیاوەی بە تاكتیك كەركووكیشی پێشكەشی ئێران كرد، بەڵام وەستا ڕەسوول بە تەواوی ئەمە ڕەت دەكاتەوە.

پەیجەكان بەتایبەت لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بەشێوەیەكی بەربڵاو ئەو ڤیدیۆیەیان بڵاو كردووەتەوە، كەسێك لەكاتی پێشوازی لە هێزی ئێرانی بۆ هێرشكردنە سەر بارەگه‌ی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە دەردەكەوێ، ئەو كەسە بە تەواوی لە وەستا ڕەسووڵ دەچێ و زۆر لە پەیجەكانیش دووپاتیان كردووەتەوە، ئەمە وەستا ڕەسووڵ خۆیەتی كە پێشتر فەرماندەی میحوەری باشووری كەركووكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو و یەكێكە لە بەرپرسەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەشدارە لە خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر.

لەبارەی بەشداریی وەستا ڕەسووڵ لە هێرشی چەكدارانی ئێران بۆ سەر بارەگاكانی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان "وشە" پێوەندی بە وەستا ڕەسووڵ كرد و گوتی، ئەو ڤیدیۆیەی بڵاو بووەتەوە بە هیچ شێوەیەك من نیم، من ئەوكاتە بەرپرسی سەربازی نەبووم و پێشمەرگەیش نەبووم.

لە ساڵی 1996 هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانی هاتنی هێزەكانی ئێرانیان بۆ سنووری شارۆكەی كۆیە كرد و ئەوان لەوێوە بە چڕی دەستیان بە بۆردمانكردنی بارەگه‌ی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كرد، بەوهۆیەوە چەندان شەهید و بریندار لە ڕیزی پێشمەرگەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ماڵ و منداڵەكانیان كەوتەوە.

وه‌ستا ڕه‌سوول به‌ یه‌كێك له‌و فه‌رماندانه‌ی پێشمه‌رگه‌ داده‌نرێ، كه‌ له‌ خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ فه‌رمانی گرووپه‌ خیانه‌تكاره‌كه‌ فه‌رمانی پاشه‌كشه‌ی به‌ پێشمه‌رگه‌ كرد و له‌ دیسپلینی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌رچوو.


گەرمیان/سەبری هۆرینی.






وشە - باز ئه‌حمه‌د