سادق هیدایه‌ت یه‌كێكه له نووسه‌ر و ڕوناكبیر و وه‌رگێڕی به‌ناوبانگی فارس كه له 17ی شوباتی ساڵی 1903 له تارانی پایته‌ختی ئێران له دایك بووه و له 9ی مارسی ساڵی 1951 له پاریس كۆچی دوایی كردووه.
ئه‌م نووسه‌ره به باوكی ئه‌ده‌بی مۆدێرنی فارس داده‌نرێت به‌تایبه‌ت له بواری ڕۆمانه‌وه، كاره‌كانی شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بییان پێوه دیاره و له سه‌ره‌تادا نووسه‌ری بواری كورته چیرۆك بووه.
سادق هیدایه‌ت له یه‌كێك له خێزانه ئهرستۆكراتییهكان له باكوری ئێران له دایك بووه، باوكی ناوی "ڕه‌زا قۆلی خان هیدایه‌ت"ه، یه‌كێك بوو له به‌ناوبانگترین نووسه‌ره‌كانی ئێران و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت كاری كردووه، بۆیه خه‌ڵكی ڕێزێكی زۆریان لێ ده‌نا. سادق هیدایه‌ت له كۆلێژی سه‌ینت لویس له فڕه‌نسا كه كۆلێژێكی كاسۆلیكییه هه‌روه‌ها له "دار فنوون" له نێوان ساڵانی (1914 بۆ 1916) خوێندوویه‌تی، له ساڵی 1925 یه‌كێك بووه له قوتابییه هه‌ڵبژێراوه‌كان بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی له ئه‌وروپا، له‌وێ چووه بۆ وڵاتی به‌لجیكا بۆ خوێندن له به‌شی ئه‌ندازیاری ئه‌مه‌ش دوای به‌جێهێشتنی خوێندنی ساڵێك له بواری ئه‌ندازیاری ته‌لارسازی له فڕه‌نسا، دوای ئه‌وه به‌شی ئه‌ندازیاری به‌جێ ده‌هێڵێ و ده‌چێته كۆلێژی پزیشكی ددان، هه‌ر له‌و كاته‌دا پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ كچێكی فارس به ناوی "تێرێز" ده‌بێت.
له ساڵی 1927 هیدایه‌ت هه‌وڵی خۆكوشتن ده‌دات له ڕێی خۆفڕێدانه ناو ڕووباری"مارن"، به‌ڵام ڕزگار ده‌كرێت له‌لایه‌ن كه‌شتییه‌كی ماسیگره‌وه، دوای چوار ساڵ له فڕه‌نسا له هاوینی ساڵی 1930 ده‌گه‌ڕێته‌وه وڵاتی خۆی و ناو خێزانه‌كه‌ی بێ ئه‌وه‌ی بڕوانامه‌ی خوێندنه‌كه‌ی به‌ده‌ست بێنێ و كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵاته‌كه‌ی چه‌ندان كاری كردووه، به‌ڵام هه‌موویان بۆ ماوه‌یه‌كی كورت بووه.
هیدایه‌ت هه‌موو ژیانی ته‌رخان كردبوو بۆ فێربوون و لێكۆڵینه‌وه له مێژوو و فۆلكلۆری ئه‌ده‌بی ڕۆژهه‌ڵاتی فارسی، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر و ڕووناكبیر كاریگه‌رییان به‌سه‌ریه‌وه هه‌بووه و ره‌نگی داوه‌ته‌وه له كاره‌كانی، له‌وانه: ڕێنه‌ر ماریا ریلكه، ئێدگار ئالان پۆ، فڕانز كافكا، ئه‌نتۆن چیخۆف، هه‌روه‌ها گای دی موپاسانت.
له‌ماوه‌ی كاره ئه‌ده‌بییه‌كانیدا سادق هیدایه‌ت ژماره‌یه‌كی زۆری كورته چیرۆك و ڕۆمان و دوو دراما و چه‌ندان ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بڵاو كردووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها توێژینه‌وه‌ی له چه‌ندان بابه‌تی فۆلكلۆری فارسی كردووه و وه‌رگێڕانی بۆ بابه‌تی فارسی و فڕه‌نسی كردووه، بۆیه گومان له‌وه‌دا نییه كه‌وا هیدایه‌ت یه‌كێك بووه له گه‌وره‌ترین و سه‌ركه‌وتووترین نووسه‌ره مۆدێرنه‌كانی ئێران.
له‌ماوه‌ی ساڵه‌كانی دواتردا به‌هۆی كاریگه‌ری كێشه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، هیدایه‌ت ڕه‌خنه له سیسته‌می پاشایه‌تی و پیاوه ئاینییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی ده‌گرێت و له ڕێی نووسین و بڵاوكراوهكانیهوه هه‌وڵ ده‌دات خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی هۆشیار بكاته‌وه، دوایین كاری ئه‌م نووسه‌ره به‌ناوی "نامه‌ی كافكا" بوو كه باس له خه‌م و نیگه‌رانی و هه‌ستكردن به گوناه ده‌كات.
له ساڵی 1936 هیدایه‌ت گه‌شت ده‌كات بۆ هیندستان و تا ساڵی 1937 له‌وێ ده‌مێنێته‌وه، زۆربه‌ی كاره‌كانی كه له فڕه‌نسا ته‌واوی نه‌كردبوو، له هیندستان ته‌واوی كرد و بڵاو كرده‌وه، یه‌كێك له كاره‌كانی به‌ناوی "كونده‌په‌پووی كوێر" كه له سه‌ره‌تاكانی ساڵی 1930 له فڕه‌نسا نووسیبووی، ئه‌م كاره‌شی له‌لایه‌ن هه‌ردوو نووسه‌ری به‌ناوبانگ هێنری میلله‌ر و ئه‌ندرێ بریتۆن به‌رز نرخێنراوه و گوتیان یه‌كێكه له كاره هه‌ره گرنگه‌گانی ئه‌ده‌بی فارسی.
له كۆتای ساڵی 1950 هیدایه‌ت ئێرانی به‌جێ هێشتووه و به‌ره‌و فڕه‌نسا گه‌شتی كردووه، له نۆی مارسی ساڵی 1951 له شوقه‌كه بچووكه به‌كرێگیراوه‌كه‌ی خۆی له شه‌قامی 37ی چامچیۆنێت له ڕێی گازه‌وه خۆی كوشتووه و هه‌موو ده‌رگه و په‌نجه‌ره‌كانی به لۆكه داخستووه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌توانێت بچێته ژووره‌وه و ڕزگاری بكات، له شوێنی خۆكوشتنه‌كه‌ی بڕه پاره‌یه‌كی له‌ناو جزدانه‌كه‌ی به‌جێ هێشتووه كه بڕه‌كه‌ی 100 هه‌زار فڕهنك ده‌بوو، به‌م شێوه‌یه كۆتای به ژیانی خۆی هێناوه و له گۆڕستانی پێر لاچیز ژماره 85 به ئاماده‌بوونی چه‌ند هاوڕێیه‌كی نزیكی فارسی و فڕه‌نسی به خاك هاته سپاردن.
له دوای مردنی كاره‌كانی سادق هیدایه‌ت رووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی توند و هه‌ڕه‌شه ده‌بنه‌وه له ئه‌وروپا و له‌لایه‌ن سیاسه‌تمه‌دار و پیاوانی ئاینی، به‌ڵام له ساڵی 2005 له هه‌ژده‌مین پێشانگه‌ی تارانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كتێب، دوو له ڕۆمانه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره گه‌وره‌یه به ناوه‌كانی "كونده‌په‌پووی كوێر" و"حاجی ئه‌كا" پێشكه‌ش كران، له ڕۆمانی "حاجی ئه‌كا" باس له‌وه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌رده‌وام بن له ژیان و بمێننه‌وه، پێویسته برسێتی و هه‌ژاری و كه‌مده‌رامه‌تی و نه‌فامی ببینن.
دیارترین كاره‌كانی ئه‌م نووسه‌ره بریتییه له "كووندهپهپووی كوێر"، "سه‌گه وونبووه‌كه"، "نێژراوی زیندوو" و "سێ دڵۆپ له خوێن"
وشه\ په‌یام محه‌مه‌د