ئه‌ردۆغان: له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین

:: PM:07:24:23/11/2016 ‌

سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ دانیشتنێكدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێی ڕاگه‌یاند كه‌ قۆناغەكانی داهاتوودا توركیا دەتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە هاوكاریی ناوچەكە بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بكات.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م، له‌میانی زنجیره‌ سه‌ردانێكیدا له‌ شاری ئه‌نقه‌ره‌، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا كۆبووه‌وه‌، به‌پێی ڕاگه‌یاندراوی ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا  ئەردۆغان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردان و دیداری لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەربڕیوه‌ و بە درێژی باسیان لە پێشهات و گرفتەكانی ناوچەكە كرد و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان هەردوولادا هەبێت و هەرێمی كوردستان لە گەڕاندنەوەی ئەمن ئاسایش بۆ ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و پارستنی پێكهاتەكانی ناوچەكە، ڕۆڵی كاریگەر ببینێت.

سەرۆك كۆماری توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی هاوكاریی تەواوی پێكهاتەكانی ناوچەكە بە بێ جیاوازی و پاراستنیان لە هەڕەشەی تیرۆر بكات و لەمبارەیەشەوە هەماهەنگیی لە نێوان توركیا و عێراق دورست ببێت. 

ئاماژەی بەوەش دا كە لە قۆناغەكانی داهاتوودا توركیا دەتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە هاوكاریی ناوچەكە بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بكات.

تاوتوێكردنی دوا پێشهاتەكانی عێراق و سووریا و ناوچەكە بەگشتی، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكەبوو و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی ناوچەكە بەیەكەوە هاوكاربن بۆئەوەی داهاتووی خۆیان دوور لە توندوتیژی و تائیفەگەری دروست بكەن و وڵاتەكەیان ئاوەدان بكەنەوە و یەكڕیزی خۆیان بپارێزن و ئاسایش و ئاسوودەیی لە ناوچەكانیان زیاتر پەرەی پێ بدرێت.

هەروەها هەردوولا بیروڕایان سەبارەت بە چەند بابەتێكی پەیوەست بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان ئاڵوگۆڕ كرد و جەختیان لەسەر تۆكمەكردنی زیاتری پێوەندییەكان كردەوە.

هه‌ر ئه‌مڕۆ، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ "بنیامی یه‌ڵدرم" سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا و "مسته‌فا چاوشئۆغلۆ" وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كۆبووه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ بنیامی یه‌ڵدم بارودۆخی ته‌ناهی هه‌رێمی كوردستان و عێراق گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌ و پشتگیری له‌سه‌ر سه‌قامگیربوون و ئارامی ناوچه‌كه‌ له‌لایه‌ن دوو سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌ ته‌وه‌ری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوه‌. له‌گه‌ڵ مه‌ولود چاوشئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیاش  چه‌ند بابه‌تێكی ته‌ناهی خراوه‌ته‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

شانده‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتی توركیا پێك هاتووه‌ له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان و سه‌فین دزه‌یی گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.


وشە - كوردۆ شابان