دوو هه‌زار ژن له‌ 55 وڵات به‌ره‌و سنوورى سووریا به‌ڕێكه‌وتن

دوو هه‌زار ژن له‌ 55 وڵاته‌وه‌ بۆ پاڵپشتى ژنانى سووریا، له‌ ئیسته‌نبوڵه‌وه‌ به‌ره‌و سنووره‌كانى توركیا و سووریا به‌ڕێكه‌وتن.

 بڕیار وایه‌ رۆژى پێنجشه‌م كه‌ مێژووه‌كه‌ى رێكه‌وته‌ له‌گه‌ڵ هه‌شتى مارس، كاروانى ئه‌م ژنانه‌ بگاته‌ شارى هه‌تاى له‌ باشوورى توركیا.

 به‌پێى راپۆرته‌كان ئامانجى ئه‌و كاروانه‌ى ژنان بۆ ئه‌وه‌یه‌ پاڵپشتى له‌ ژنانى سووریا بكرێت كه‌ نزیكه‌ى حه‌وت ساڵه‌ له‌ مه‌ینه‌تى جه‌نگدا ده‌ژین.

له‌ ماوه‌ى ئه‌و حه‌وت ساڵه‌دا به‌ هه‌زاران ژن تووشى ئاواره‌یى و گرتن و كوشتن و ده‌ستدرێژیى بوونه‌ته‌وه‌. رێكخه‌رانى كاروانه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن نزیكه‌ى 417 ژن ئێست له‌ گرتووخانه‌كانى رژێمى سووریان، هه‌وڵى تایبه‌تیان بۆ ژنانى گرتووخانه‌كانه‌، وێڕاى به‌رزكردنه‌وه‌ى وره‌ى سه‌رجه‌م ژنانى سووریا به‌ چاوپۆشین له‌ ره‌چه‌ڵه‌ك و ئاین.

نوور یه‌كێكه‌ له‌ رێكخه‌رانى كاروانه‌كه‌ له‌ په‌یامێكدا به‌ سكاى نیوزى راگه‌یاندووه‌، "مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه‌ ته‌واوى دنیا به‌ په‌له‌ كار بكه‌ن بۆ پاراستنى ژنان له‌ ته‌واوى جه‌نگه‌كان نه‌ك ته‌نیا ژنانى گرتووخانه‌كانى سووریا".

 به‌پێى زانیارییه‌كان، له‌ ناو ئه‌و دوو هه‌زار ژنه‌ نوێنه‌رى 55 وڵاتى دنیا هه‌یه‌ به‌ ئاین و ره‌چه‌ڵه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌.

 سه‌رچاوه‌ / سكاى نیوز



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل


AM:11:05:07/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 1082 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌