سامسۆنگ تەلەڤزیۆنێكی نامۆ بەرهەم دەهێنێت

:: PM:12:17:08/03/2018 ‌

كۆمپانیای سامسۆنگی كۆریای باشوور ئاشكرای كرد، كۆمەڵێك تەلەڤزیۆنی نوێ و ناوازەی بە كوالێتی QLED بەرهەم هێناوە، یەكێك لە تایبەتمەندییەكانیان ئەوەیە، ڕەنگیان بەشێوەیەكی خۆكارانە لەگەڵ دەوروبەری تەلەڤزیۆنەكە دەگۆڕێ و هاوشێوەی یەكتریان لێ دێت.

كۆمپانیاكە چەند وێنەیەكی ئەو جۆرە تەلەڤزیۆنەیان بڵاو كردووەتەوە، كە لە خۆكارانە خۆی لەگەڵ ڕەنگ و شێوەی ئەو دیوارە گونجاندووە كە پێوەی هەڵواسراوە، ئەمەیش هەمووانی شۆك كردووە و چاوەڕوانی ئەوەن بە زووترین كات بكەوێتە بازاڕەوە و بیكڕن.

ئەو تەلەڤزیۆنە لە ڕێی ئاپێكەوە بە مۆبایل پێوەست دەبێ و دواتر لەوێوە ڕەنگی دیوارەكە دەگرێ و هاوشێوەی یەكتریان لێ دەكرێ، ئەمەیش بۆ چاو زۆر باشە و هیچ زیانێك بە چاو و توانای بینینتان ناگەیەنێت.

هاوكات بەكارهێنەرانی ئەو تەلەڤزیۆنە دەتوانن هەر ڕەنگ یان وێنەیەكی تر بكەن بە باكگڕاوەندی تەلەڤزیۆنەكە و دەوروبەری، كاتێك حەزیان بۆ گۆڕینی هەبوو بە ئاسایی ئەو كارە ئەنجام دەدەن، بەرهەمە نوێكەی سامسۆنگ ئامێرێكی تایبەتی لەگەڵدایە و كە هاوشێوەی ریمۆت كۆنتڕۆڵە و لەسەر ئەو ئامێرە دوگمەیەك هەیە و ئەو تایبەتمەندییە كارا دەكات.

بڵاوبوونەوەی وێنەی ئەم جۆرە تەلەڤزیۆنە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، دەنگدانەوەی بە دوای خۆی هێناوە و چاوەڕوانن سامسۆنگ بە زوویی ئەو جۆرە بەرهەمە ناوازەیە بخاتە بازاڕەكانەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د